ئەمریکاو ئێران بەدوای ئەو دوو فڕۆکەوانەدا دەگەڕێن کە فڕۆکەکەیان لەئێران خراوەتە خوارەوە
  2026-04-03       344       

سوپای ئێران‌و سوپای ئەمریکا بەدوای ئەو دوو فڕۆکەوانە ئەمریکیەدا دەگەڕێن کە فڕۆکە جەنگییەکەیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە.

 

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای دوو فڕۆکەوانی فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی دەستپێکردووە کە بەسیستەمی بەرگری ئاسمانی خراوەتە خوارەوەو دەڵێت "هێزە سەربازییەکان ئۆپەراسیۆنی گەڕانیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو فڕۆکەوانە جەنگییە ئەمریکییە کە ئەمڕۆ خراوەتە خوارەوە".

دەشڵێت "هەرکەسێک فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە بە زیندووی بگرێت، پاداشتێکی بەنرخ وەردەگرێت".

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) تا ئێستا هەواڵی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی پشتڕاست نەکردوەتەوە، بەڵام بەشێک لەمیدیاکانی ئەمریکاو فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەکەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە گرتەیەکی ڤیدیدۆی بڵاوکراوەتەوە کە فڕۆکەیەکی ئەمریکی KC-130ی سووتەمەنی لەگەڵ دوو هەلیکۆپتەری زۆر نزم بە ئاسمانی ئێراندا دەفڕن‌و دەوترێت سوپای ئەمریکا هەوڵدەدات شوێنی فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکە جەنگییە بدۆزێتەوە کە ئێرانییەکان خستویانەتە خوارەوە. 

ئاژانسی تەسنیمی سەر بەسوپای پاسدارانیش دەڵێت "ئەمریکا شکستی هێنا لەڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان کە فڕۆکەکەیان لەئێران کەوتە خوارەوەو چارەنووسیان نادیارە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×