ئێوارەی ئەمڕۆ هەیینی، میدیاکانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە سوپای ئەمریکا توانیویەتی یەکێک لەو دوو فڕۆکەوانە بدۆزێتەوە کە ئێران فڕۆکەکەیانی خستووەتە خوارەوە. ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکی دێت بۆ گەڕان بەدوایاندا، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران پاداشتێکیان بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە زانیاری لەسەر تیمی فڕۆکەکە بدات.
ئاوێنە: تۆڕی "سی بی ئێس"و ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، لە زاری سەرچاوە ئاگادارو بەرپرسەکانەوە - کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا یەکێک لەئەندامانی تیمی ئەو فڕۆکەیەیان ڕزگار کردووە کە لەئێران خراوەتە خوارەوە، لە کاتێکدا گەڕان بەدوای ئەندامی دووەمدا بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد کە سوپای ئەمریکا چەندین تیمی ئەرکی لە نزیک ئێران بڵاوەپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکانیان.
هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ - لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە - بڵاویکردەوە کە فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری "ئێف-١٥ ئی" لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە "فڕۆکەکە تیمێکی دوو کەسیی لەخۆگرتووە".
لە لایەکی دیکەوە، تەلەڤزیۆنی ئێران ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران پاداشتێکی داراییان پێشکەش بەو کەسە کردووە کە بتوانێت فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان دەستگیر بکات.