خوان مارتین، ئێرنێستۆ و ڕۆبێرتۆ لەگەڵ سیلیای دایکیان لەشاری پۆنتا دێل ئیستێ، ساڵی ١٩٦١
نووسینی: خوان مارتین گیڤارا
وەرگێڕانی: سامان عەلی
چل و شەش ساڵ چاوەڕوانم کرد، بەر لەوەی بتوانم سەردانی ئەو شوێنە بکەم، کە ئێرنیستۆ گیڤارای برامی تێدا گوللەباران کرا. هەمووان ئاگاداری ئەوەن بە شێوازێکی ترسنۆکانە کوژرا، کاتێک لە ٩ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی١٩٦٧، لە یەکێک لە هۆڵە هەژارەکانی قوتابخانەیەکی گڵینی داڕووخاو لە گوندی لاهیگوێرای دوورەدەست لە باشووری بۆلیڤیا، گوللەباران کرا. پێشتر لە شەوی ٧ی ئۆکتۆبەر لە قووڵایی دۆڵی کیبرادا دیل یورو، کە دۆڵێکی ڕووتەنە و گیڤارا پەنای بۆ برد بوو و خۆی قایم کرد بوو، پاش ئەوەی زانی گروپی پارتیزانەکانی کە بە هۆی برسێتی و تینووێتییەوە شەکەت بوو بوون، لە لایەن سوپاوە گەمارۆ دراون، دەستگیر کرا بوو و دیل کرا بوو. دەڵێن بە سەری بەرزەوە کوژرا، ڕێزی خۆی پاراست، ئەو دوایین وشانەش کە لە زاری هاتنە دەر ئەمانە بوون: "Pongase sereno y apunte bien. Va a matar a un hombre"، واتە: "هێمن بن، تفەنگەکانتان بە چاکی ئاراستە بکەن، ئێستا پیاوێک دەکوژن". ماریۆ تیران سالازاری سەربازی بەدبەخت، کە ئەرکە قێزەونەکەی پێ سپێردرا، هەڵدەلەرزی. بە دڵنیاییەوە چێ، بۆ یانزە مانگ دەچێت، دوژمنی یەکەمی سوپای بۆلیڤیا و، ڕەنگە بڵێم تەواوی کیشوەری ئەمەریکایە، بەڵام دوژمنێکی ئەفسانەیی و کەسایەتییەکی بەناوبانگی دەورەدراوە بە خەرمانەیەک لە شکۆ و، بە لایەنگریکردنی لە دادپەروەریی و یەکسانی و، هەروەها بە بوێریی لەڕادەبەدەری ناسراوە. ئەی چی ئەگەر ئەم چێیە، کە بە چاوە قووڵەکانی تەماشایان دەکات بەبێ ئەوەی مێش میوانی بێت و بێ ئەوەی هیچ ڕقێک لە بەرامبەریدا دەرببڕێت، بە ڕاستی دۆستی خەڵکی ڕەشۆکی ژێرپێنراو و بەرگریکاریان بێت نەک ئەو یاخییە تینووەی خوێن، بەو چەشنەی فەرماندەکانی باسیان دەکرد؟ ئەی چی ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لایەنگرانی، کە بە دڵسۆزی لەڕادەبەدەریان بۆ ئەو ناسراون، هاتن تا لە تۆڵەی کوشتنی ئێرنیستۆدا بیکوژنەوە؟
ماریۆ تیران سالازار پێویستی بەوە بوو تا ڕادەی مەستبوون مەی بخواتەوە، تا بوێریی ئەوە پەیدا بکات بتوانێ پەنجە بنێت بە پەلەپیتکەی تفەنگەکەیدا. کاتێک چێی بینی بە ئارامی دانیشتبوو و، چاوەڕوانی چارەنووسێکی دەکرد هەمیشە دەیزانی چارەنووسێکی دڵنیا و بێ چەند و چوونە، بە پەلە و بە دەم ئارەقکردنەوە لە هۆڵی پۆلەکە هاتە دەرەوە. بەڵام فەرماندەکانی ناچاریان کرد بگەڕێتەوە هۆڵەکە.
براکەم بە پێوە و سەربەرزانە مرد. بۆ سووکایەتیپێکردن و سەرشۆڕکردنی، ویستیان بە دانیشتنەوە بمرێت. بەڵام ئەو ناڕەزایی دەربڕی و ئەوەی ڕەتدایەوە و ئەم دوایین شەڕەی بردەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە زۆرەکانی ئێرنیستۆ، یاخود با بڵێین یەکێک لە بەهرە زۆرەکانی، ئەو توانایە بوو کە سەبارەت بە هونەری قایلکردن هەیبوو.
جووتێک کالەی تازەم کڕی تا بچمە دۆڵی کیبرادا دیل یورو. دۆڵەکە تەنگەیەکی قووڵە بە شێوەیەکی ستوونی لە پشت گوندی لاهیگوێراوە سەربەرەوخوار دەبێتەوە. بوونی من لەم شوێنەدا ئێجگار سەخت و بە ئازار بوو. ئێجگار بە ئازار بوو بەڵام لە هەمان کاتدا پێویست بوو. ئەم سەردانییە پیرۆزە، چەندین ساڵ لەناو دڵمدا هەژی و قوڵپی دا. هاتن بۆ ئێرە بەر لە ئێستا، سەبارەت بە من نزیک بوو لەوەی ئەستەم بێت. لە ساڵانی سەرەتای پاش گوللەبارانکردنی براکەم، من بە تەمەن منداڵ بووم و لە ڕووی دەروونییەوە هێشتا بەپێی پێویست ئامادە نەبووم. پاشان، ئەرجەنتین بوو بە دەوڵەتێکی فاشیستی و سەرکوتکار و ماوەی نزیکەی نۆ ساڵ لە گرتووخانە و بەندیخانەکانی ئەو تاقمە سەربازییەدا مامەوە، کە لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٦ بە زەبری هێز دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت. لەو ماوەیەدا فێری ئەوە بووم لە مێشکی خۆمدا ئەم وێنەیە دابڕێژم: لە کەشی سیاسیی باو و باڵادەستی وڵاتەکەمدا، پەیوەستبوون بۆ ماوەیەکی درێژخایان بە کەسێکی وەک چێ گیڤاراوە، دەبێتە کارێکی پڕ مەترسی.
تەنها ڕۆبێرتۆی برام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧ هات بۆ ئەم ناوچەیە، لە بۆینس ئایرسەوە هاتبوو و نێردراوی خێزانەکە بوو بۆ ناسینەوەی لاشەکەی ئێرنیستۆ دەسبەجێ لە دوای جاڕدانی هەواڵی مردنەکەی. بەوپەڕی پەشۆکاوی و شڵەژاوی گەڕایەوە بۆ شوێنەکە: کاتێک گەیشتە بۆلیڤیا، لاشەی براکەمان بوو بوو بە هەڵم و بزر بوو بوو. سەربازانی بۆلیڤیا ڕۆبێرتۆیان فریودا، کاتێک لەم شارەوە دەیاننارد بۆ ئەو شار و هەموو جارێک بەسەرهاتی شوێنی لاشەکەیان دەگۆڕی.
باوکم و سیلیا و ئانا ماریای خوشکم هێزی ئەوەیان لە خۆیان ڕانەبینی گەشتێک بۆ ئەو ناوچەیە بکەن. دایکیشم پێش دوو ساڵ لەم ڕووداوە و بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد بوو. ئەگەر لە کاتی گوللەبارانکردنی براکەمدا لە گۆڕدا نەبووایە، بکوژەکەی ئێرنیستۆی دەکوشت. لەڕادەبەدەر ئێرنیستۆی خۆش دەویست.
من لەگەڵ هەندێک لە دۆستان لە بۆینس ئایرسەوە بە ئۆتۆمبێلێک هاتبووین. گەشتەکە زۆر دوورودرێژ بوو و ماوەی ٢٦٠٠ کیلۆمەترمان بڕی. لە ساڵی ١٩٦٧دا هیچ شتێکمان سەبارەت بەو شوێنە نەدەزانی کە ئێرنیستۆی لێیە، چونکە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی کوبای بەجێ هێشت. تەنها هەندێک کەس، لەناویاندا فیدڵ کاسترۆ، دەیانزانی ڕۆیشتووە بۆ ئەوەی تێکۆشانێکی چەکداریی دژوار و بێبەزەییانە لەپێناو ڕزگارکردنی گەلی بۆلیڤیدا بەرپا بکات. خێزانەکەم لەناو گێژاوی چەندین مەزەندە سەبارەت بە شوێنی بوونی سەرگەردان بوو و، پێی وا بوو پەڕیوەتەوە بەرەکەی دیکەی جیهان و ڕەنگە لە کیشوەری ئەمەریکاش بێت. بەڵام لە ڕاستیدا، تەنها سێ کاتژمێر لە بۆینس ئایرس کە ئێمە نیشتەجێ بووین و دەژیاین، دوور بوو. لە دوای ئەوە بە چەند ساڵێک زانیمان، لەگەڵ دەیان جەنگاوەری کوبیی ڕەشپێستدا و، بۆ یارمەتیدانی جەنگاوەرانی سیمبا ، لە سەرەتادا چووەتە کۆنگۆ، کە کۆلۆنیالێکی بەلجیکییە .
لە گوێ دۆڵەکە، ڕێبەرێک لێم نزیک بووەوە تا ئەو شوێنەم پیشان بدات کە براکەمی لێ دیل کرا. نەیدەناسیم کێم و منیش حەزم نەدەکرد بۆی ئاشکرا بکەم. داوای بڕێک پارەی لێ کردم تا بۆ ئەو شوێنە بێت لەگەڵم کە ئێرنیستۆ دیل کرا. ئەمە یەکەم ئاماژەی ئەوە بوو کە مردنی براکەم بووە بە کاڵایەک بۆ بازرگانی پێوە کردن. ئەمە منی بێزار و تووڕە کرد. لە کاتێکدا چێ کتومت نموونە پێچەوانەکەی قازانجی نەگریسە. هاوڕێکەم کە لەگەڵم بوو ئەویش دیسان ئەم هەڵسوکەوتە نائاکارییە دایچڵەکاند و نەیتوانی ئاشکرام نەکات. ئەم ڕێبەرە چۆن زاتی ئەوە دەکات پارە لە براکەی چێ بکێشێتەوە، لە کاتێکدا یەکەم جارە بێت سەردانی ئەو شوێنە دەکات کە چێ تیایدا گیانی لەدەست دا؟ ڕێبەرەکە بە ڕێز پێزانینێکەوە چووە لاوە و بە جووتێک چاوی گەورەوە تەماشای کردم وەک ئەوەی کتوپڕ تارماییەک بێتە پێش چاوی. کابرا لە پۆزشهێنانەوە زۆری لەسەر ڕۆیشت، تەنانەت بەبێ ئەوەی من گوێی لێ بگرم. من بەوە ڕاهاتووم. چونکە ئەوەی کە برای چێ بیت، شتێکی ئاسان نییە. خەڵک واقیان وڕدەمێنێت و ئەبڵەق دەبن کاتێک ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت. چونکە ناشێت مەسیح برا و خوشکی هەبن و، چێیش نزیکە لەوەی وەک مەسیح بێت. لە گوندی لا هیگوێرا و لە شاری ڤالیگراند، کە لە نۆی مانگی تشرینی یەکەم لاشەکەی گواسترایەوە تاکو پیشانی خەڵک بدرێت بەر لەوەی ئیتر شوێنبزر ببێت، براکەم بوو بە ئێرنیستۆ لا هیگوێرای پیاوچاک. خەڵک لەبەردەم پەیکەرەکەیدا نوێژ دەکەن و دەپاڕێنەوە، وەک ئەوەی وەلییەک بێت. من بەش بە حاڵی خۆم بە شێوەیەکی گشتی ڕێز لە بۆچوون و باوەڕە ئایینییەکان دەگرم، بەڵام ئەم دۆخە بە شێوەیەکی زۆر ترسناک بێزارم دەکات. ئێمە لە خێزانەکەماندا، لە ئانا لینش- ئۆرتیزی دایەگەورەی باوکمەوە پیایدا وەرە تا بە ئێمە دەگات، بڕوامان بە خوا نییە. هەرگیز پێشتر دایکم لەگەڵ خۆی نەیبردووین بۆ کۆنوێژ لە کڵێسا.
ئێرنیستۆ مرۆڤێک بوو لە گۆشت و خوێن دەبێت لەسەر سەکۆی پەیکەرە ڕەپ ڕاوەستاوەکەی دابگیرێت و ژیان بکرێتەوە بە بەری ئەم پەیکەرە برۆنزییەدا لەپێناو بە نەمر هێشتنەوەی پەیامەکەیدا. چێ تاقەتی دیاردەی گۆڕینی بۆ بتێکی پەرستراو نەدەگرت.
بە دڵێکی گرانەوە بەرەو شوێنە بەدناوەکە دابەزیم. بە بینینی سروشتی ڕووتەنی دۆڵەکە واقم وڕما. پێشبینیم دەکرد بەرگێکی ڕووەکیی چڕ دەبینم کە شوێنەکە لەبەر چاو دەشارێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا تەنها هەندێک دەوەنی وشک و سەختی لێرە و لەوێ نەبێت، شوێنەکە نیمچە بیابان بوو. ئەو کات بە شێوەیەکی چاکتر دەرکم بەوە کرد چۆن ئێرنیستۆ لە بارێکدا خۆی بینییەوە بووە بە داوەوە. لە ڕووی کردەییەوە ئەستەم بوو خۆی لە چاوی سوپا بزر بکات کە لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەوە کیبرادای گەمارۆ دابوو.
گەیشتمە ئەو شوێنەی کە تیایدا گوللەیەک ڕانی چەپی و دانەیەکی دیکەش مەچەکی ڕاستی پێکا. دووچاری شڵەژان و پەشۆکان هاتم. لەبەردەم ئەو درەختە سیسەدا کە ڕۆژی هەشتی تشرینی یەکەم پاڵی پێوەدا، خاکە وشکەکە بە ئەستێرەیەکی تێکراو لە چیمەنتۆ داپۆشرا بوو. هێمای بۆ هەمان ئەو شوێنە دەکرد کە لێی دانیشتبوو کاتێک دۆزرایەوە. پەژارە و نیگەرانییەکی توند دایانگرتم. دڵم کرمێ بوو و کەوتمە گومانەوە. هەستم بە بوونی کرد. بەزەییم پێیدا هاتەوە و جەخارم بۆ کێشا. لەبەر خۆمەوە پرسیم لەم شوێنە بە تەنها چی دەکرد. بۆچی من لەگەڵی نەبووم؟ بە دڵنیاییەوە دەبوو لەگەڵی بم. هەمیشە منیش شۆڕشگێڕێک بووم. تەنها برام نەبوو، بەڵکو هاوڕێی تێکۆشانم و سەرمەشقیشم بوو. بیست و سێ ساڵی تەمەنم تێ نەپەڕاندبوو، بەڵام ئەمە بەهانەیەکی بەس نییە: چونکە لە زنجیرە چیاکانی سیێرا مایسترای کوبا کە ئەو تێکۆشانە جەکدارییە دەستی پێ کرد کە فیدڵ کاسترۆ لە ماوەیدا گیڤارای وەک فەرماندەیەک دەستنێشان کرد و، لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی لە فەرماندەییدا سەلماند، چەندین شۆڕشگێڕ هەبوون تەمەنیان پانزە ساڵ بوو! من نەمدەزانی ئەو لە بۆلیڤیا بوو، بەڵام دەبوو بزانم! پێم وایە دەبوو لە مانگی شوباتی ساڵی١٩٥٩ لە کوبا لەگەڵیدا بم و گوێ بە ناڕەزایی باوکم نەدەم.
دانیشتم، یاخود باشتر بڵێم لە هەمان ئەو شوێنەی کە ئەو لێی دادەنیشت، هێزی ئەژنۆم نەما و کەوتم. جارێکی دیکە ڕووخسارە دڵگیرەکەی و ڕوانینە سەرنجڕاکێش و بە سەرنج و خەندە گەپجاڕەکەیم هاتە بەر چاو. گوێم لە پێکەنینە پەڕاوەکەی و دەنگ و شێوەزارەکەی بوو کە لە دەستنیشانکردن بە دەرە: چونکە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە لە مەکسیک و پاشان لە کوبا بەسەری بردن، شێوەزارە ئیسپانییەکەی بوو بووە ئاوێتەیەکی سێ بنەزاری. ئاخۆ لەو چرکەساتەدا هەستی کرد کە تەنیا و بێهیوایە؟
هەندێک لەو پرسیارانەی کە لە خۆمم کردن شەقڵێکی بەرهەستیان هەبوو و، هەندێک پرسیاری دیکەش بڕێک پرسیاری تەواو هەستی بوون. چێ تەنیا نەبوو بەڵکو شەش جەنگاوەر یارمەتیان دەدا لە کاتی دەستگیرکردنیدا لەگەڵیدا دەستگیر کران. ئاخۆ دەمتوانی یارمەتی بدەم خۆی ڕزگار بکات؟ لەو ڕۆژەدا، پێنج هاوڕێی دیکە، لەناویاندا گیدو "ئانتی" پیریدۆ، توانییان لە کۆتاییدا خۆیان لەو بۆسەیە ڕزگار بکەن کە بۆیان داندرا بوو . بۆچی ئەو نەیتوانی لەو بۆسەیە خۆی ڕزگار بکات؟ چەندین جاری دووبارە ڕەوتی ئەو ڕووداوانەم هۆنییەوە کە بوونە هۆکاری مردنی براکەم. ئایا چێ فرۆشرا؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێیە، کێ فرۆشتی؟ چەندین گریمانە هەن بەڵام لەبەر ئەوەی تەنها گریمانەن و هیچی تر، وام پێ باشترە گرنگی و گوێیان پێ نەدەم. ئێرنیستۆ لە کاتی تێکۆشانی چەکداریدا ناوی ڕامون بینیتیزی لە خۆی نابوو. دەڵێن ناوی ڕامونی وەک سەرسامبوون بە پاڵەوانی چیرۆکی کۆبوونەوەی خولیۆ کۆرتاساری بیرمەند و ڕۆماننووسی ئەرجەنتینی هەڵبژارد، کە سەرکێشییەکانی ژمارەیەک شۆڕشگێڕ لە زنجیرە چیاکانی سیێرا مایسترا دەگێڕێتەوە. بوونی چێ لەوێ، بە خەرمانەیەک لە نهێنی و ڕاز دەورە درا بوو. حکومەتی بۆلیڤی، کۆمەک بە زانیارییە نهێنییەکانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکی (سی ئای ئەی)- کە بێشەرمانە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕینێ باریانتۆس لە لاپازی پایتەخت نیشتەجێ بوو- ، مەزەندەی دەکرد ئێرنیستۆ گیڤارا فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی یاخیبوونی نانکاهوازوی بۆلیڤی دەکات، بەبێ ئەوەی لەو بارەیەوە هیچ بەڵگەیەکی هەبێت. تا ئەو کاتەی سیرۆ بۆستۆسی ئەرجەنتینی لە جەنگەڵەکان دەستگیر کرا، پاش ئەوەی گیڤارا مۆڵەتی پێ دا ڕیزەکانی یاخیبووان بەجێ بهێڵێت. شایانی باسە بۆستۆس لە ژێر زەبری هەڕەشەی ئەوەی ئەو ماوەیە کە لە ژیانی ماوە لە زیندان بەسەری دەبات، بڕێک ددانپێدانانی خستبووە ڕوو و ناو و نیشانی گیڤارای هەڵدابوو.
کاتێک لە قووڵایی دۆڵەکەوە هەڵکشام، هەستم کرد زۆر ماندوو و شەکەتم. لە گوندی لا هیگوێرا هەژەندێکی ناخۆش چاوەڕوانم بوو. لە کاتێکدا دەچوومە گوندە پچووکەکەوە تاکو بە تەنها لەو قوتابخانەیەدا بمێنمەوە کە ئێرنیستۆی تێدا کوژرا، ژنێک لە دەستەیەک لە گەشتیارانی ژاپۆنی جیا بووەوە و بەرەو لای من هات و باوەشی پێدا کردم. تازە لە زاری ڕۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەی خۆیەوە هەواڵی ئەوەی زانی بوو کە براکەی چێ لێرەیە. دەستی کرد بە گریان و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: "براکەی چێ، براکەی چێ". بەوپەڕی نەرمی و نیانی، داوای لێ کردم وێنەیەکی لەگەڵدا بگرم. هیچ چارێکی دیکەم نەبوو تەنها بە گوێکردنی و دڵدانەوەی نەبێت. وا دیارە ئەو خانمە ژاپۆنییە بەرجەستەکردنێکی کەسایەتیی چێی تێدا بینیم. ئەمە لە یەک کاتدا تووشی شڵەژان و کارتێکران و هەڵچوونی کردم. لە پاش تێپەڕینی نزیکەی پەنجا ساڵ بەسەر مردنیدا، هێشتا براکەم لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لەناو یادگەی گشتیدا ئامادەیە. بە دڵنیاییەوە من ئێرنیستۆ نیم، بەڵام دەتوانم و پێویستە لەسەرم وەک کەناڵێک بم بۆ بڵاوکردنەوەی بۆچوون و نموونە باڵاکان و بەهاکانی. پێنج منداڵەکەی تەنها شتێکی کەمیان لەبارەیەوە دەزانی. سیلیای خوشکم و ڕۆبێرتۆی برایشم لەگەڵیدا، بەردەوام لێدوانیان لەبارەیەوە ڕەت کردووەتەوە. ئانا ماریای خوشکیشم وەکو دایکم بە نەخۆشیی شێرپەنجە سەری نایەوە. منیش تەمەنم حەفتا و دوو ساڵە و کاتم نییە بە فیڕۆی بدەم.
ئەو قوتابخانەیەی ئێرنیستۆ دوایین شەوی خۆی تێدا بەسەر برد، هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هێنرا. ئەو دیوارەی هەردوو هۆڵی وانەخوێندنەکەی لە یەکدی جیا دەکردەوە، نەما و، دیوارەکان بەو وێنە و پۆستەرانە ڕازێنراونەتەوە کە دوا ساتەکانی ژیانی چی دەگێڕنەوە. هێشتا ئەو کورسییە کە لە کاتی هاتنەژوورەوەی ماریۆ تیران سالازار بۆ هۆڵەکە بۆ کوشتنی لەسەری دانیشتبوو، لە شوێنی خۆیەتی. براکەمم هێنایە بەر چاوی خۆم کە لەوێ دانیشتووە و چاوەڕوانی چرکەساتی مردنی خۆی دەکات. ئەمە هەستێکی ناخۆش و ئێجگار سەخت بوو.
لە گۆڕەپانی گوندەکە، پەیکەرێکی تا ناو قەدی گەورەی ڕەنگ سپی قوت بووەتەوە، هونەرمەندێکی کوبی لەسەر وێنە بەناوبانگەکەی ئالبێرتۆ کۆردای وێنەکێش تاشیوویەتی کە ناوی Guerrillero heroic لێ ناوە کە واتای "پاڵەوانە شۆڕشگێرەکە" دەگەیەنێت. ئەم پەیکەرە تا ناو قەدە، کە وێنەی خاچێکی سپی لە دوایەوە دەردەکەوێت، هەروەها چیرۆکێکی پڕ لە ڕووداوی هەبوو. پەیکەرەکە لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ دروست کرا، پاشان بە خێرایی لە لایەن تاقمێک لە هێزی تایبەتی ناو سوپای بۆلیڤییەوە لا برا و، لە هەمان شوێن تابلۆیەکی یادگاری بۆ ئەو سەربازانە جێگیر کرا، کە بوونە قوربانیی شۆڕشەکە. لە دوای بیست ساڵ لەو مێژووە، پەیکەرەکە گەڕێنرایەوە شوێنی خۆی، ئەم جارە سەکۆیەکی بە بەرزیی چوار مەتر بۆ دروست کرا بوو و، بەم جۆرە جارێکی دیکە لە دەروازەی گوندە پچووکەکەدا قنج و قیت ڕاوەستایەوە. لە ماوەی چەندین ساڵدا، دانیشتوانی گوندی لا هیگوێرا و شاری ڤالیگراند، لە کەش و دۆخێکدا لە تیرۆر و تۆقاندندا ژیان. کەس نەیدەوێرا باسی چێ بکات؛ بە مەبەستی سڕینەوەی هەر شوێنەوارێکی تێپەڕینی ئەم "تێکدەرە" بەم شوێنەدا، ڕژێمی بۆلیڤیا هەموو ناوهێنانێکی ئەوی قەدەغە کرد بوو. وەک وەڵامێکیش بەو بێدەنگییە سەپێنراوەدا، چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی ئەفسانەیی دەست بە هۆنینەوەیان کرا و بە شێوەیەکی فراوان تەشەنەیان سەند. لە ساتی دەستگیرکردنەکەیدا، جووتیارانی شارۆچکەی ئیمارا، کە لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ بوون، هەرگیز بایەخی ئەم دیلەیان نەدەزانی. پێشتر هیچ بێگانە و بیانییەکیان لە ناوچەکەدا نەبینی بوو و، بە ئاستەم بە زمانی ئیسپانی دەدوان. لە کاتی مردنی چێ دا، ئاپۆرایەک لە ڕۆژنامەنووسان ڕوویان کردە گوندەکەیان. تا ڕێکەوتی ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧، کەس هیچ قسە و باسێکی سەبارەت بە گوندی لا هیگوێرا نەبیست بوو. لە ڕۆژی ١٠ی هەمان مانگ، سی و شەش فڕۆکە لەسەر ئەو ڕێڕەوە نیشتنەوە، کە بە شێوەیەکی سەرپێی و بە پەلە بۆ فڕۆکەخانەی شاری ڤالیگراند لە دووریی شەست کیلۆمەتر لە گوندەکەوە ئامادە کرا بوو. خەڵک و دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە، پەیتا پەیتا هەستیان کرد ڕووداوێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕووی داوە و، ئەم دیلە دیلێکی ئاسایی نییە.
لاشەکەی گیڤارا لەسەر گواستەرەوەیەکی بارکراو لەسەر ڕەوڕەوەکانی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرێک، بەرەو شاری ڤالیگراند گواسترایەوە. سەربازانی بۆلیڤیا بڕیاریاندا لاشەکەی لەناو شۆرگەیەک لە ناوەڕاستی باخچەی نەخۆشخانە پچووکە ناوخۆییەکەدا بۆ ماوەی حەڤدە کایژمێر نمایش بکەن، بۆ ئەوەی ببێت بە پەند بۆ کەسانی دیکەی بێجگە لە ئەو. دەبوو وای پیشان بدەن، هەموو "تێکدەرە" هەرچی و پەرچییەکانی وەک نموونەی ئەم ئێرنیستۆ چێ گیڤارایە لەناو دەبەن. چێ مرد، مرد! ویستیان ئەم کۆتاییە بەزەییئاوەرە ببێت بە پەند و وانەیەک بۆ گەل، تاکو هەڵە نەکات بەشداریی لە سەرکێشییەکی خەمناکی لەم جۆرەدا بکات، کە دۆڕانی بێ چەند و چوون لە چارەی نووسراوە.
لاشەکەی بە نیمچە ڕووتی لەسەر سەکۆیەکی تەنکی چیمەنتۆ داندرا. پێیەکانی خاوس بوون و چاوەکانی کراوە بوون. دەڵێن پیاوێکی ئایینی لە گوندی لاهیگوێرا بۆی لێکنان... هەندێک خەڵک وێنەکەی چێی ئازارچەشتووی برامیان بە تابلۆکەی "مەسیحی مردوو"ی ئاندریا مانتینیای نیگارکێش و پەیکەرتاشی ئیتاڵیی سەردەمی ڕێنیسانس بەراورد کردووە. ئەم چواندنە سەرنجڕاکێشە بەڵام هیچ واتایەکی نییە. هەندێک لە گەواهەکان گوتیان چاوەکانی چێ بە دوایانەوە بوو، کاتێک بە دەوری لاشەکەیدا دەخولانەوە. گەواهانێکی دیکەش گوتیان، ئەو پزیشکەی ئەرکی شۆردنی لاشەکەی پێ سپێردرا بوو- یەکێکیش بوو لەو کەسانەی کە بە نهێنی بە گیڤارا سەرسام بوو- ویستی لاشەکەی مۆمیا بکات، بەڵام لەبەر کەمیی کات، تەنها دڵی دەرهێنا تاکو لە کەموڵەیەکی شووشەییندا لای خۆی بیپارێزێت و هەڵیبگرێت. ڕەنگە خودی ئەم پزیشکە خۆی، دوو دەمامکی بۆ ڕووخساری ئامادە کردبێت، یەکێکیان لە مۆم و ئەوی دیکەیان لە بۆرەک. پەرستارێکیش لە لایەنی خۆیەوە، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بە دەربڕین و ئاماژە و سیمای ئارامی ئێرنیستۆ پیشاندا، کە بە شێوەیەکی سەیر و نامۆ لە سیما و ڕووخساری شۆڕشگێڕانێکی دیکە کە لە شەڕەکاندا کوژرا بوون جیاواز بوو و، نیشانەکانی ئازار و نیگەرانی بە سیمایانەوە دیار بوو. من هەرگیز باوەڕم بە هیچ کام لەم قسەڵۆک و باس و گێڕانەوە دوور لە ڕاستییانە نەبووە، کە تێکڕا هەمان ئامانجیان هەیە: ئامانجیان ئەوەیە چێ گیڤارا بکەن بە ئەفسانەیەک. ئەوە ئەم ئەفسانەیەشە من، لە ڕێگەی بەخشینی ڕووخسارێکی مرۆییانەی ڕاستەقینەوە بە براکەم، خۆم بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەرخان دەکەم.
لە دوای ٩ی ئۆکتۆبەر، پانزە سەرباز لە بنکەیەکی سەربازیی لە گوندی لاهیگوێرا بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوام خزمەتیان کرد. ئەوەیان بۆ دێهاتییەکان شی کردەوە کە ئەوان لەبەر خاتری پاراستنیان لەوانەی هاوکاریی چێ گیڤارا دەکەن لە گوندەکەن کە لە هاتن بۆ گوندەکە لەپێناو تۆڵەکردنەوەی کوشتنی چێ و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەک لە دژیان دوا ناکەون. لەبەر ئەوەی ئەو دێهاتییانە، کەسی دیکە نا تەنها ئەوان، ناپاکییان لە چێ کرد.
بەم چەشنە، کەسایەتیی چێ کرایە ئەفسانەیەک کە ترس دەخاتە دڵەوە.
ئەو بازرگانییە شەرمهێنە کە لە دەوری کەسایەتیی چێی برام برەوی سەند، تۆقاندمی. ئێرنیستۆ خۆی لەم ئەفسانە پووچ و بێتامانە بێبەریی دەکرد، کە تا ڕادەی پەرستن دەڕۆن. لە گوندی لاهیگوێرا و هەروەها لە شاری ڤالیگراندی، هەر کارێکی گەشتیاریی بە قازانج، چیی دیکە بۆ چێ تەرخان کرا. سەردانی هەن سەبارەت بە "ڕێگەی چێ" ڕێک دەخرێن. دەیانەوێت هەموو شتێک و هەر شتێکت پێ بفرۆشن. شتێکی بێزئاوەر و قێزەونە. کاتێک لە قوتابخانەکە هاتمە دەرەوە، کاڵا نمایشکراوەکان لە کراس و ئاڵام بینی. لەم شتەدا بێڕێزی و بێحورمەتییەکم بینی پێشتر لە نموونەی نەبووە. ئێرنیستۆ لەپێناو ئازادکردنی کیشوەری ئەمەریکی شەڕی کرد و، لەوێ کەسانێک هەن وێنەکەی بۆ پەیداکردنی پارە بەکاردەهێنن. خەڵک نوێژ و نزا بۆ چێی وەلی و پیاوچاک دەکەن و، بە خاوەنی پەرجووی دەزانن، هەموو ئەم شتانە لەبەر خاتری ماڵیاتەکانیان و هەندێکی شتی دیکەش! چێ دەیویست ببەخشێت نەک وەربگرێت. وەک سەرداری چارەنووسی خۆی بڕوای بە مرۆڤ بوو، نەک وەک ملکەچی چەشنێک لەو هێزە زاڵەی کە دەشێت هەندێک شتی پێ ببەخشێت یاخود لێی قەدەغە بکات. چێ، بڕوای بە تێکۆشان و خەبات بوو و، مرۆڤدۆست بوو و مرۆڤانە بیری دەکردەوە.
دوو جار چووم بۆ گوندی لاهیگوێرا و بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە ناچمەوە. چیی دیکە ئەو کوێرە گوندە دوورەدەستە چوار ماڵییە هەژار و داڕووخاوەی جاران نەماوە، بەڵکو بووە بە بازاڕێک لەو چۆڵەوانییە، دانیشتوانەکەی واز لە هەوڵی پارەکێشانەوە لێت و تاڵان کردنت هەڵناگرن. ئەم شتانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە براکەمەوە نییە، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوەوە نییە.
کتوپڕ لە بەرەبەیانی ڕۆژی یانزەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی١٩٦٧ لاشەکەی چێ شوێنبزر بوو. دواتر خوشکە قەشەیەک، کە لە نەخۆشخانەکە خزمەت دەکات، لای ئاناستاسیۆ کە قەشە برایەکی فەڕەنسیسکانییە، ئەوەی درکاندبوو لە دەوروبەری کاژێر یەکی پاش نیوەشەوی ئەو شەوەدا، لە ڕاڕەوەکانی نەخۆشخانەکەدا گوێی لە ژاوەژاو و هەراوزەنای کەژاوەیەک بووە. گومانی تێدا نییە چەندین پڕوپاگەندەش سەبارەت بە ڕووداوەکانی دیارنەمانی لاشەکەی چێ دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد.
ڕاستییەکە لە دوای بیست ساڵ لەو ڕێکەوتە دەرکەوت.
تێبینی: ئەم نووسینە بەشی یەکەمە لە کتێبی "چێی برام" کە خوان مارتین گیڤارای برای چێ گیڤارا نووسیوویەتی.