ئا: ئاوێنە
دوای ئەوەی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، وتارێکی لەمیدیایەکی ئەمریکیدا بڵاوکردەوەو داوای کۆتاییهێنان بەشەڕی کرد، لەئێران هەڵمەتێک لەلایەن باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامییەوە دەستیپێکردووەو بە"خیانەتکار" ناوی دەبەنو تەنانەت داوای لە"سێدارەدان"ی دەکەن.
باڵی توندڕەوەکان لەئێران، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەیان کردوەتە ئامانجو بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتارێکەوە لەفارین پۆلیسی ئەمریکی کە داوای کۆتاییهێنان بەشەڕی لەنێوان ئێرانو ئەمریکا کردبوو.
حەمید ڕەسای، پەرلەمانتاری ئێران، زەریفی بە"خائینو خۆفرۆش بەئەمریکا" ناوبردو بە"سیخوڕیکردن" تۆمەتباری کردو داوای لەدەسەڵاتی دادوەری کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ دەستگیرکردنی زەریف.
هەروەها، سەعید حەدادیان، ناودارترین "ستایشکارو نوحەخوان"ی عەسائیبی ئەهلی بەیت، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێرانی بە"سیخوڕ" ناوبردو لەوەڵامی بابەتەکەی محەمەد جەواد زەریف سەبارەت بەڕێککەوتنی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکاو باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، وتی "ئێوە هەڵەن، ئێوە چین تا ڕەچەتەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی بنوسن؟! ئایا دەزگا ئەمنییەکان چاوەڕێی دەکەن کە ئەم سیخوڕو خۆفرۆشەی ئەمریکا دەستگیر ناکەن؟!".
حەدادیان هۆشداریشیدا لەوەی زەریف سێ ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی تۆبە بکاو بڵێ "هەڵەم کرد"، "ئەگەر زەریف لەماوەی سێ رۆژی داهاتوودا داوای لێبوردن نەکات، شەوی چوارەم کاروانێک دروستدەکەینو دەچینە سەر ماڵەکەی".
حسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، لەسەروتاری رۆژنامەکەدا، کاردانەوەی توندی بەرامبەر وتارەکەی محەمەد جەواد زەریف، نیشانداو پێشنیارەکانی زەریفی لەبارەی سنووردارکردنی توانای ئەتۆمی لە بەرامبەر "هەڵگرتنی سزاکان، کردنەوەی گەرووی هورمز، پەیماننامەیەکی دەستدرێژی نەکردنی ئەمریکا"ی لەخۆگرتبوو، ئەم پێشنیازانە بە"هەمان داواکارییەکانی ترەمپو نەتانیاهۆ" ناودەباتو دەڵێت "ئەم پێشنیازانە جۆرێکە لە"نامەی تەسلیمبوون" بۆ دوژمنانی ئێران"و تەنانەت لەوەدەچێ ئەو دوژمنانەی ئێران نووسیبێتیانو زەریف ناوو واژۆی خۆی خستبێتە سەر".
دەشڵێت "خۆزگە دەسەڵاتی دادوەری لێپرسینەوەی لەزەریف دەکرد".
هاوکات کاردانەوەی شەقامی توندڕەوانی ئێران بەرامبەر بەوتارەکەی زەریف زۆری نەخایاند، لەخۆپیشاندانەکانی هەوادارانی کۆماری ئیسلامیدا لەتاران، وێنەکانی زەریف سووتێنرانو چەندین لافیتە بەرز کرابوونەوە کە ئەویان بە"خائین"و "خۆفرۆشی ئەمریکی" ناویان دەبردو داوای لە"سێدارەدان"یان دەکرد.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لەوتارێکدا لەژێر ناوی "چۆن ئێران کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت"، کە لە ٣ی نیساندا لەگۆڤاری "کاروباری دەرەوە"ی ئەمریکیدا بڵاوکرایەوە، نووسیویەتی "پێویستە تاران هەوڵی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ بەکاربهێنێت نەک درێژەدان بە شەڕ، کار بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک بکات کە هەم کۆتایی بەم ململانێیە بهێنێتو هەم ڕێگری بکات لەڕوودانی شەڕێکی دیکە”".
هەروەها نەخشەیەکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان خستەڕوو، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامیدان بەو ململانێیە دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتری ژێرخانی ئابوریو لەدەستدانی گیانی خەڵکی مەدەنی. ناوبراو تا ئەو جێگایەی کە پێشنیاری کرد کە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات و گەرووی هورمز بکاتەوە لە بەرامبەر هەڵگرتنی هەموو گەمارۆکان، تەنانەت داوای نوێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد.