دۆناڵد ترەمپ: فڕۆکەوانەکەی دووەمیشمان ڕزگار کرد
  2026-04-05       356       

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی تیمی فڕۆکەی ئێف ١٥ کە لە ئێران کەوتە خوارەوە کۆتایی هاتووەو بە "سەلامەتی و تەندروست" ڕزگارکراوە.

 

ئاێنە؛ ترەمپ لەپۆستێکدا لەهەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا نووسیویەتی "هاوڕێ ئەمریکییەکانم، لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئەمریکا یەکێک لەبوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی لەمێژووی ئەمریکادا بۆ یەکێک لەئەفسەرە نائاساییەکانی تیمی فڕۆکەوانیمان ئەنجامداوە، کە بەڕێکەوت عەقیدێکی زۆر بەڕێزەو بەشانازییەوە ئاگادارتان دەکەمەوە کە ئێستا سەلامەت و تەندروستە".

هەروەها ترەمپ نووسیویەتی: "ئەو ڕاستییەی کە توانیمان هەردوو ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدەین بەبێ کوشتن و تەنانەت بریندارکردنی یەک ئەمریکی، جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە ئێمە هەژموونی ئاسمانی و باڵادەستی بەرچاومان بەسەر ئاسمانەکانی ئێراندا بەدەستهێناوە".

دەشنووسێت "ئەمە یەکەمجارە لەیادەوەری سەربازیدا دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی بەجیا، لە قووڵایی خاکی دوژمن ڕزگار بکرێن. هەرگیز هیچ سەربازێکی ئەمریکی بەجێناهێڵین”.

هاوکات چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بەبی بی سییان ڕاگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەکاتی ناوخۆی ئێران، تیمی دووەمی فڕۆکەی جەنگی F-15E کە لەئێران خراوەتە خوارەوە، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دۆزراوەتەوە.

وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام کەسێکی ئاگادار لەئۆپەراسیۆنەکە بە ئەرکێکی "گەورە"ی شەڕی گەڕان و فریاگوزاری لە باشووری ئێران وەسفی کردووە.

بی بی سی زانیویەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریدا پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو ئێراندا ڕوویداوە و ئەگەری هەیە ئەو ئەفسەرە فڕۆکەوانە بریندار بووبێت.

ئاشکرا بووە کە کۆپتەرەکانی CSARی ئەمریکا دوای چوونە ناو ئاسمانی ئێرانەوە ، هێزە تایبەتەکان تەقەی قورسیان لەگەڵ یەکەکانی سوپای پاسداران و بەسیج لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئاڵوگۆڕ کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەوانەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی خۆی حەشاردابوو، کە کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەکە پەلەیان کرد بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەرمی کۆمەڵێک میلیشیای بەسیجیان دۆزیوەتەوە کە بۆ گەڕان بە دوای فڕۆکەوانە ئەمریکیەکە لەچیاکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران چوونەتە ئەو شوێنانە. پێدەچێت تووشی تیمێکی گەڕان و ڕزگارکردنی ئەمریکی بوون‌و کوژراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×