گۆڤاری "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، بنکە موشەکییە ژێرزەمینییەکانی حکومەتی ئێران کە لەناو بەردە گرانێتە سەختەکاندا دروستکراوە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی توانای سەربازیی ئەم وڵاتە دوای مانگێک لە شەڕ.
ئاوێنە: ئەو گۆڤارە لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران درۆن، ژمارەیەکی زۆر موشەکی کرووز و نزیکەی نیوەی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکەکانییەتی.
دەیلی مەیل باسی لە بنکە موشەکییەکەی "یەزد" کردووەو دەڵێت "ئەو بنکەیە لە قوڵایی نزیکەی ٥٠٠ مەتری کێو و لەناو بەردە گرانێتە سەختەکاندا دروستکراوە و وەک بنکەیەکی بەرگریکار لە بەرامبەر بۆمبە سەنگەرشکێنەکانە".
ئەوەش هاتووە "پێکهاتەی ئەم بنکانە تۆڕێک لە تونێل، ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و چەندین دەرچەی چوونە دەرەوە لەخۆ دەگرێت، کە دەرفەتی گواستنەوەی خێرای سەکۆکانی هەڵدانی موشەک دەڕەخسێنێت".
ئەو گۆڤارە ئەوەشی خستووەتە روو، سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و تێکدانی هەندێک لە دەروازەکان، بەشە سەرەکییە ژێرزەمینییەکان تاڕادەیەکی زۆر بە "سەلامەتی" ماونەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان بە خێرایی دەستیان پێکردووەتەوە.
لەراپۆرتەکەدا شارەزایان وتویانە "پێکهاتەی چەند چین، دەرگا قایمەکان و جۆری بەردەکان، کاریگەریی هێرشەکان کەمدەکەنەوە. هەر ئەم ژێرخانانە بوونەتە هۆی بەردەوامیی توانای موشەکیی ئێران".