پارێزگاری هەولێر: هەرکەسێک غازی ماڵان گران بفرۆشێت سزا دەدرێت
  2026-04-05       159       

پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەداتە سەرجەم بریکارەکان، کە هەر کەسێک غاز لە نرخی دیاریکراوی حکومەت گرانتر بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

 

ئاوێنە: بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید،  قائیمقامی ناوەندی، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان و لایەنی دیكەی پەیوەندیداری بواری سووتەمەنی بەڕێوەچوو.

پاشان لە راگەیەندراوێکدا پارێزگاری هەولێر دەڵیت "لە کۆبوونەوەکە تیشک خراوەتە سەر میکانیزمی نوێی دابەشکردنی غازی ماڵان بەسەر هاوڵاتییاندا لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و بە وردی باس لە پرۆسەی دابەشکردنی غاز لە گەڕەکەکان کرا، کە لە رێگەی بریکارەکانەوە و بە چاودێریی راستەوخۆی لایەنە حکوومییەکان بەڕێوەبچێت".

باسی لەوەشکردووە، ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنەوەی بازاڕ، رێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی غاز بە یەکسانی و بە نرخی حكومی بۆ هەموو ماڵانە، تاوەکو هاوڵاتییان لە گەڕەکەکانی خۆیاندا بەبێ گرفت پشکی مانگانەیان پێبگات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وتوشیەتی "هەوڵدەدەین کێشەی کەمیی غاز بە یەکجاری چارەسەر بکەین و رێگری لەهەر جۆرە کورتھێنانێک بکەین کە ببێتە بارگرانی بۆ سەر شانی هاوڵاتییان".

روونیشی کردەوە، کار لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکرێت بۆ زیادکردنی پشکی رۆژانەی هەولێر لە غازی شل و خێراکردنی پرۆسەی گەیاندنی بە کارگەکان، بەهۆی ئەوەی ئێستا رێژەی غاز کەم بووەتەوە و قەیران دروست بووە.

ناوبراو هۆشداری دایە هەموو کارگە و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەی نرخ نادرێت و هەر کەسێک غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریکراو بە کارتی ئەلیکترۆنی بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، بۆیە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد چاودێریی وردی بازاڕ بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا، بڕیار درا ئاسانکاریی تەواو بکرێت بۆ ئەو خێزانانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا مامەڵەی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراکیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاوڵاتییانەی لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 دەژین، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کارتی سووتەمەنییان بۆ دەربکرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×