حەیفا؛ تەرمی چوار ئیسرائیلی لەژێر داروپەردوی باڵەخانەیەکی ڕووخاو دەرهێنران
  2026-04-06       175       

تیمەکانی فریاگوزاری و ڕزگارکردن لە ئیسرائیل ڕایانگەیاند، دوای چەندین کاتژمێر لە هەوڵی بەردەوام، تەرمی چوار کەسیان لەژێر پاشماوەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری حەیفا دەرهێناوە، کە ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە داڕما بوو.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و زانیارییەکانی "کەناڵی ١٤"ی ئیسرائیلی، باڵەخانەکە کە لە پێنج نهۆم پێکهاتووە، بە مووشەکێکی بالیستی ئێرانی بە کێشی ٤٥٠ کیلۆگرام کراوەتە ئامانج. بەرکەوتنەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بووە و بووەتە هۆی داڕمانی بەشێکی زۆری باڵەخانەکە و دروستبوونی زیانی گەورە لە شوێنەکەدا.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە سەرەتا باس لە بێسەروشوێنبوونی چوار کەس دەکرا لە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ڕۆژی دووشەممە تیمەکان توانییان تەرمی هەر چوار کەسەکە بدۆزنەوە و کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە بهێنن. هاوکات ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژی یەکشەممەوە لە حەیفا، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە چەندین کەس.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×