چەند کاتژمێرێکی ماوە: ئایا ترەمپ رێگەی دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت یان شەڕ؟
  2026-04-07       225       

ئا" ئاوێنە

 

پلانی لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخانی ئێران لەکۆشکی سپی ئامادەیە، هاوکات دانوستانەکان لەژێر گوشاری خنکێنەردا بەردەوامن، ئێستا هەموو دنیا چاویان لەسەر واشنتۆن‌و تارانە، چەند کاتژمێری داهاتوو دراماتیک بێت، چونکە کاتژمێر 03:00ی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 8ی نیسان، ئۆڵتیماتۆمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن کۆتایی دێت، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لەماوەی 4 کاتژمێردا هەموو ژێرخانی وزەو کارەبای ئێران وێران دەکات، ئەم چەند کاتژمێرە کەمەی ماوە چارەنوسسازترین کاتژمێرن بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕو ململانێکان.  ئایا ترەمپ فەرمانی پەنجەنان بەدوگمەکەدا دەنێت یان وادەکە جارێکیتر درێژ دەکاتەوە؟

 

ترەمپ لەنێوان دوو بژاردەدا

دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی یەکێک لە بڕیارە هەرە گرنگەکانی سەرۆکایەتییەکەی دەبێتەوە ، چونکە ناچارە لەچوارچێوەیەکی کاتیی تونددا کە خۆی دیاریی کردووە، لە نێوان دوو بژاردەدا: هێرشێکی سەربازی وێرانکەر بۆ سەر ئێران یان درێژکراوەیەکی دیکەی دانوستانەکان، یەکێکیان هەڵبژێرێت‌و بڕیار بدات.

سەرۆکی ئەمریکا بەئاشکرا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە دەتوانێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ژێرخانی سەرەکی ئێران، وەک پردو وێستگەکانی کارەبا "وێران بکات"، بەپێی پلانێک کە وەک ئەکسیۆس دەڵێت "ەتوانرێت دەستبەجێ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەمەرجێک ترمپ "گڵۆپی سەوز"ی بۆ هەڵکات.

سیناریۆیەکی لەم شێوەیە لێکەوتەی دراماتیکی بۆ دانیشتوانی ئێران دەبێت و دەتوانێت زنجیرەیەک کاردانەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێبکات.

 

ترمپ لەڕاوێژکارەکانی زۆر توندترە 

لە هەمان کاتدا کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکراوەیی دەمێننەوە، وڵاتانی وەک پاکستان، میسرو تورکیا هەوڵ دەدەن بەگەیشتنە ڕێککەوتنێک یان لانیکەم درێژکردنەوەی کاتەکان ڕێگری لەپەرەسەندنی شەڕەکە بکەن. بەڵام هیچ هێڵێکی یەکگرتوو لەناو ئیدارەی ئەمریکادا نییەو بەشێک لە بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن "دواخستنێکی دیکە هێرشەکە لەبەرژەوەندی ئێران نییە".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە ئاگاداری ئەو ڕاوێژکارییانەن، ترامپ خۆی تەنانەت لە هاوکارە سەرەکییەکانیشی "توندتر" دەردەکەوێت و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەکاردانەوەکان بەرامبەر بە پلانی هێرشەکە، پرسیاری لەڕاوێژکارەکانی کردووە سەبارەت بەوردەکاری ئەو ئۆپەراسیۆنەی ناویان ناوە ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژی ژێرخان".

 

هێشتا بوار بۆ رێککەوتن ماوە

لە بەرەی دیپلۆماسیدا، تیمی دانوستانکاری واشنتۆن پێیان وایە هێشتا بوار بۆ ڕێککەوتن ماوە، لە لایەکی دیکەوە هاوپەیمانانی وەک بنیامین ناتانیاهۆ، هەروەها سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، پاڵپشتی هەڵوێستی توند دەکەن و هەر جۆرە ئاگربەستێک ڕەتدەکەنەوە بەبێ ئەوەی ئیمتیازاتی بەرچاو لەلایەن تارانەوە بدرێت.

بەڵام لایەنی ئێرانی لەم دواییانەدا ڕەشنووسی وەڵامی پێشنیارەکانی ئاشتی پێشکەش کرد. هەرچەندە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە "رەتکرایەوە"، بەڵام کۆشکی سپی زیاتر بە تاکتیکێکی دانوستان دەزانێت نەک ڕەتکردنەوەی دانوستانەکان. ناوبژیوانان بەردەوامن لەکارکردن لەسەر هەموارکردنەوەکان، بەڵام هۆشداری دەدەن کە پرۆسەکانی بڕیاردان لەئێران بەهێواشی هەنگاو دەنێت.

ترەمپ خۆی ئەگەری ڕێککەوتنی بەکراوەیی هێشتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا بەسیناریۆی "تاریکی" وەسفی کردو وتی "رەنگە هەموو وڵاتەکە لەشەوێکدا نەمێنێت"، جەختی لەوە کردەوە کە پلانێک هەیە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخانە گرنگەکان لە ماوەی چوار کاتژمێرێکدا.

 

پلانەکە ئامادەیە

بەپێی زانیارییەکان، پلانێکی فراوانی بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دامەزراوە وزەی ئێران ئامادەیە و دەکرێت دەستبەجێ کارا بکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ترەمپ دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت یان شەڕ؟

تا دوا وادە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهەناسەیەکی توندەوە چاودێری دەکات، چونکە ڕەنگە پێشهاتەکان نەک تەنها ڕەوتی ململانێکان، بەڵکو سەقامگیری تەواوی ناوچەکەش دیاری بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×