جێگری ترەمپ: بەهیواین پێش کاتژمێر ٨ وەڵام لەئێران وەربگرین ئەگینا چەکی دەگمەن بەکاردەهێنین
  2026-04-07       204       

جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "هەندێک ئامرازی لەبەردەستە کە تائێستا بڕیاری بەکارهێنانیانی" دژی ئێران نەداوە، دەشڵێت "هیوادارم پێش کاتژمێر ٨ ئێران وەڵاممان بدەنەوە".

 

ئاوێنە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی سەردانێکیدا بۆ مەجارستانی ئەفغانستان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکان تاڕادەیەکی زۆر گەیشتووەتە ئامانجە سەربازییەکانی خۆی".

لە لێدوانەکەیدا ڤانس ئەوەشی زیادیکرد "لە ئێستاوە تا کاتی کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتژمێر هەشتی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، دانوستانی زۆر لە ئارادا دەبێت".

بەڵام جێگری ترەمپ هیوادارە پێش کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەو وادەیەی سەرۆک ترەمپ دیاریی کردووە، وەڵامی دروست لە ئێرانییەکان وەربگرین.

ناوبراو وتیشی "ئەوان دەبێت بزانن ئێمە هەندێک ئامرازی ترمان لەبەر دەستە کە تائێستا بڕیارمان نەداوە بەکاریان بهێنین. سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بڕیاری بەکارهێنانیان بدات، و ئەگەر ئێرانییەکان ڕێڕەوی ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕن، ئەو بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدات".

ئەوەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد کەلە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز، وڵاتەکەی دەتوانێت وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران بکاتە ئامانج و تەنانەت وتی "تەواوی وڵاتەکە ڕەنگە لە یەک شەودا لەناو بچێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×