هێرشەکەی دوێنێی ئێران بۆسەر سعودییە؛ دانوستان دەخاتە مەترسییەکی 'جدی'ـیەوە و پاکستانیش ترسی لەخۆیەتی
  2026-04-07       234       

ئاژانسێکی ئەمریکی لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانی پاکستانەوە رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی دوێنێی تاران بۆسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە سعودییە "دانوستانەکانی خستووەتە بەردەم مەترسیی شکستەوە"، هەروەها هۆشداریشیدا کە ئەگەر ریاز بیر لەتۆڵە بکاتەوە ئیسلام ئاباد دەکشێتە ناو "چەقۆی" ململانێکانەوە.

 

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری پاکستانی سەبارەت بە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ ئاسانکاری لە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە وادەی دیاریکراوی دۆناڵد ترەمپ بۆ "بەرپاکردنی دۆزەخ" نزیک دەبێتەوە.

هاوکات یەکێک لەو سەرچاوانە کە بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی پاکستانە بەرۆیتەرزی وتووە "هێرشەکەی شەوی دووشەممەی ئێران بۆسەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی سعودیە کە پەیوەستن بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە، دانوستانەکانی خستووەتە بەردەم مەترسیی شکستەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر سعودیە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە، دانوستانەکان کۆتایییان پێدێت و هەروەها هۆشداریشدا کە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە دەکرێت پاکستان بەپێی پەیماننامە بەرگرییەکەی لەگەڵ ڕیازدا، "بکێشێتە ناو چەقۆی ململانێکانەوە".

هەروەها سەرچاوەی دووەمیش ئاشکرایکردووە، ئێران "لەسەر لێواری تیغ دەڕوات" و سێ بۆ چوار کاتژمێری داهاتوو بۆ داهاتووی گفتوگۆکان زۆر چارەنووسساز و هەستیارن.

ئەم سەرچاوە پاکستانییە کە ئەمنییە دەشڵێت "ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان لە پەیوەندیداین. ئەوان لەم دواییانەدا نەرمییان نواندووە بۆ ئەوەی بچنە ناو دانوستانەکانەوە، بەڵام هاوکات وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک، هەڵوێستی توند دەگرنە بەر".

وەک سەرچاوەکە دەڵێت، ئیسلام ئاباد سەرقاڵی هاندانی تارانە بۆ ئەوەی بەبێ مەرجی پێشوەختە بچێتە ناو دانوستانەکانەوە.

بەپێی رۆیتەرز، پاکستان هەوڵیداوە خۆی لە ڕاکێشران بۆناو ئەو شەڕە بەدوور بگرێت؛ جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆسەر سعودیە "هەڵکشانی ترسناکی گرژییەکانە کە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×