هەرچەندە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕگەی مووچە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەڵام دواتر بەپێی سەرچاوەکانی بەغدا سودانی تەیف سامی وەزیری دارایی راسپاردووە بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "بەغدا بۆ ١٢٠ ملیارەکە فشاری نەکردووە و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا مووچە تەمویل دەکرێت".
ئاوێنە: شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی سێی هەرێمەوە، لەلێدوانکێکدا بە ئاوێنەی وت "ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم".
وتیشی "حکومەتی عێراق هەموو مەرجەکانی هەرێمی لەبەرامبەر مووچەدا جێبەجێکردووە و هەر ئەمڕۆ واژۆی لەسەر خەرجکردنەکە کردووە و بڕیارە لەماوەی سێ بۆ چوار رۆژی دیکە مووچە بۆ هەرێم بێت".
دەربارەی ئەوەی ئایا عێراق سورە لەسەر داواکردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە و فشاری دروستنەکردووە؟ دووبەردانی ئاشکرایکرد "بۆ ١٢٠ ملیارەکە حکومەتی عێراق هیچ فشارێکی نەکردووە و ناشیکات، چونکە بەغدا دۆخی راستەقینەی عێراق دەزانێت کە داهات کەمیکردووە و هەناردەی نەوت کەمە و سیستەمی ئەسیکۆداش جێبەجێنەکراوە و دەروازەکان گیراون؛ هەم لە هەرێم و هەم لە بەغدا".