ترەمپ بەمەرجی کردنەوەی دەستبەجێی گەروی هورمز، ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنێتو دەڵێت "رازیم بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆردومانو هێرشکردنە سەر ئێران ڕابگرم".
ئاوێنە: بەر لەکاتژمێرێک لەکۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی دیاریکردبوو بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنو کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیڕانیدا، ترەمپ رایگەیاند "رەزامەندیم نواند لەسەر ئاگربەستو هێرش نەکردنە سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، ئەمشەو بۆردومانو هێرشێکی بەرفراوانم بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران هەڵوەشاندەوە، بەمەرجێک کۆماری ئیسلامی ڕازی بێت بەکردنەوەی تەواوەتی و دەستبەجێ و سەلامەتی گەروی هورمز”.
ترمپ لەپۆستێکدا لەتروس میدیا رایگەیاند "بە پشت بەستن بەوتووێژەکانم لەگەڵ سەرۆک وەزیران شەهباز شەریف و سەرۆکی ئەرکانی سوپا فیڵد مارشال عاسیم مونیرو لە ژێر ڕۆشنایی داواکارییەکەیان کە خۆم بەدوور بگرم لەناردنی ئەو هێزە وێرانکەرەی بڕیار بوو ئەمشەو ڕەوانەی ئێران بکرێت و بەمەرجی ڕەزامەندی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکردنەوەی تەواوو دەستبەجێ و سەلامەتی گەرووی هورمز، ڕازیم بەڕاگرتنی دوو هەفتەیی بۆردومان و هێرشکردنە سەر ئێران. ئەمەش ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت! هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە پێشتر هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان بەدیهێناوە، هەروەها پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە بەرەو ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئاشتی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
راشیگەیاند "ئێمە پێشنیارێکی ١٠ خاڵیمان لەئێرانەوە پێگەیشتووەو پێمانوایە ئەم پێشنیارە بنەمایەکی کارا دەبێت بۆ دانوستانەکان. بەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک سەرۆک و هەروەها بەناوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شانازی دەکەم کە ئەم کێشە لەمێژینەیە لەدەروازەی چارەسەرکردندایە".
هەڕەشەی ترەمپ بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێکی ڕەخنەو تووڕەیی لێکەوتەوە. چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەخنەیان لەقسەکانی ترەمپ گرت و بە پێچەوانەی بەهاکانی ئەمریکا ناویان بردو تەنانەت داوایان کرد دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەگەڵ ئەندامانی کابینەی ترەمپ یەکبگرن بۆ لابردنی.
هاوکات لەچەند کاتژمێری رابردوودا شارەکان و ژێرخانەکانی ئێران کەوتتە بەر قورسترین هێرشی ئاسمانی و هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ڕێگاوبانەکان و پردەکانو پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکانی سات بەسات زیادیان کرد.