ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەلایەن ترمپەوە، دەڵێت "بەم زووانە پێکەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر ئەمریکاو ئیسرائیلی دوژمنماندا رادەگەیەنین".
ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەبەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژی هەینی ١١ی نیسان بۆ دانوستانی راستەخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێدەکاتو ئێران دوو هەفتە بۆ ئەم دانوستانانە تەرخان دەکاتو ئەم ماوەیە دەتوانرێت بە ڕێککەوتنی لایەنەکان درێژ بکرێتەوە.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێت "میلەتی سەربەرزی ئێران دەبێ بزانێ کە لە سایەی خەباتی رۆڵەکانی، زیاتر لە مانگێکە دوژمن سواڵ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئاگری توندی ئێران و مقاوەمە، بەڵام لەبەرئەوەی هەر لەسەرەتاوە بڕیار درابوو کە شەڕ بەردەوام بێت تا گەیشتن بەئامانجەکان، لەوانەش پەشیمانی و نائومێدیکردنی دوژمن و نەهێشتنی ئەو مەترسییە درێژخایەنە بۆ سەر وڵات، بەرپرسانی وڵات بەنەرێنی وەڵامی هەموو ئەو داواکاریانەیان دایەوە، شەڕەکەش تا ئەمڕۆش بەردەوامە کە چلەمین ڕۆژە".
دەڵێت "ئێمە ئێستا ئەو مژدەیە بەنەتەوەی گەورەی ئێران دەدەین کە نزیکەی هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە هاتەدی و ڕۆڵە ئازاکانتان دوژمنیان گەیاندووەتە بێهێزییەکی مێژوویی و شکستێکی هەمیشەیی. لەم پێوەندییەداو بە پێی ئامۆژگارییەکانی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی (خوای گەورە بیپارێزێت) و ڕەزامەندی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، بڕیاردرا دانوستان لەئیسلام ئاباد ئەنجام بدرێت بۆ کۆتاییهێنان بەوردەکارییەکان بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، سەرکەوتنی ئێران لەبەرەکانی شەڕدا، بتوانرێت لەدانوستانە سیاسییەکانیشدا بچەسپێنرێت'.
لەبەیاننامەیەکەدا هاتووە کە "ئێران پلانێکی ١٠ خاڵی داڕشت و لەڕێگەی پاکستانەوە پێشکەشی لایەنی ئەمریکی کرد، جەختی لە خاڵە بنەڕەتییەکانی وەک تێپەڕبوونی کۆنترۆڵکراو بەگەرووی هورمز بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران کردەوە، کە پێگەیەکی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ناوازە بە ئێران دەبەخشێت، پێویستی کۆتاییهێنان بەشەڕ لە دژی هەموو گروپەکانی میحوەری مقاوەمە، کە بە مانای ئەوە دێت شکستی مێژوویی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی منداڵکوژی ئیسرائیل، کشانەوەی هێزەکانی شەڕی ئەمریکا لەسەرجەم بنکە و خاڵەکانی جێگیرکردنی ناوچەکە، دامەزراندنی پرۆتۆکۆلی ترانزیتی سەلامەت لەگەرووی هورمز بە شێوەیەک کە گەرەنتی هەژموونی ئێران بکات بەپێی پرۆتۆکۆلی ڕێککەوتوو، خەرجکردنی تەواوی زیانەکانی ئێران بەپێی خەمڵاندنەکان، هەڵگرتنی سەرجەم سزا سەرەتایی و لاوەکییەکان و بڕیارەکانی دەستەی پارێزگاران و ئەنجومەنی ئاسایش، ئازادکردنی سەرجەم سەروەت و سامان و موڵک و ماڵی ئێرانی کە لە دەرەوەی وڵات بلۆک کراونو دواجاریش پەسەندکردنی هەموو ئەو بابەتانە لەبڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشدا. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە هەموو ئەم ڕێککەوتنانە دەکاتە یاسا نێودەوڵەتییە پابەندکەرەکان و سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی گرنگ بۆ نەتەوەی ئێران دەخوڵقێنێت".
بەیاننامەکە دەڵێت "ئێستا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە کە لایەنی ئەمریکی سەرەڕای هەموو هەڕەشە ڕواڵەتیەکان ئەم خاڵانەیان وەک بنەمای دانوستان قبوڵ کردووە و تەسلیمی ئیرادەی گەلی ئێران بووە. بەم پێیە لە بەرزترین ئاستدا بڕیار درا کە ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە و تەنیا لەسەر بنەمای ئەو خاڵانە دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەئیسلام ئاباد ئەنجام بدات. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییەو ئێران تەنیا کاتێک قبوڵ دەکات کە لە ڕوانگەی قبوڵکردنی ئەو پرەنسیپانەی کە لە پلانی ١٠ خاڵیدا پێشبینی کراون لەلایەن ئێرانەوە، وردەکارییەکانیشی لە دانوستانەکاندا یەکلایی بکرێتەوە، ئەم دانوستانانە لەڕۆژی هەینی ١١ی نیسان لە ئیسلام ئاباد بە بێ متمانەیی تەواو بە لایەنی ئەمریکی دەست پێدەکەن و ئێران دوو هەفتە بۆ ئەم دانوستانانە تەرخان دەکات. ئەم ماوەیە دەتوانرێت بە ڕێککەوتنی لایەنەکان درێژ بکرێتەوە. پێویستە لەم ماوەیەدا یەکڕیزیی نەتەوەیی تەواو بپارێزرێت و بە هێزەوە درێژە بە ئاهەنگەکانی سەرکەوتن بدرێت".