تاران و واشنتن گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی کاتی و میدیاکانی ئێرانیش نەخشەڕێگای وڵاتەکەیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئاشکرا دەکەن، کە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان لەخۆدەگرێت.
بنەماکانی دانوستان؛ ١٠ خاڵە ستراتیژییەکەی ئێران
میدیاکانی ئێران ئەو ١٠ خاڵە سەرەکییەیان بڵاوکردەوە کە تاران وەک بنەمای دانوستانەکانی داهاتووی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاریکردوون، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی:
١- گرەنتی نەگەرانەوە بۆ شەڕ: پێویستە ئەمریکا بەڵێنی فەرمی بدات کە جارێکی دیکە شەڕ بەسەر ئێراندا نەسەپێنێتەوە.
٢- سەروەری بەسەر گەرووی هورمز: بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.
٣- مافی ئەتۆمی: ناساندنی فەرمی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
٤- کۆتاییهێنان بە سزاکان: هەڵگرتنی سەرجەم سزا لاوەكییەكانی سەر ئێران.
٥ - هەڵگرتنی سەرجەم سزا سەركییەكانی سەر ئێران.
٦ - سڕکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارنامانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش دژی ئێران دەرکراون.
٧ - هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دژی ئێران.
٨ - قەرەبووکردنەوە: پێدانی قەرەبووی دارایی بە ئێران بەهۆی زیانەکانی جەنگەوە.
٩ - کشانەوەی سەربازی: کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
١٠ - ئاشتی ناوچەیی: ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بە تایبەتی لە وڵاتی لوبنان.
ئاگربەستێکی کاتی و بوژانەوەی بازاڕەکان
ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، واشنتن و تاران بە فەرمی و بە نێوەندگیری پاکستان، ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی ١٤ ڕۆژی نیشاندا. ئامانجی ئەم ئاگربەستە زەمینەسازییە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی درێژخایەن.
کاریگەرییە ئابورییەکان
دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگربەستەکە، بازاڕەکانی جیهان کاردانەوەی ئەرێنییان نیشاندا:
- بۆرسە جیهانییەکان: بوژانەوەیەکی خێرایان بەخۆوە بینی.
- نرخی نەوت: بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەم هەنگاوانە دوای جەنگێکی خوێناوی دێت کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژی خایاند و لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێکردبوو، کە مەترسی گەورەی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دروست کردبوو.