جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە پێشوازی لەوە کرد کە بە "ئاگربەستێکی ناسک" لەگەڵ ئێران وەسفی کرد، و داوای لە تاران کرد بە "نیەتێکی باشەوە" دانوستان بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن، هەروەها هۆشداریشیدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "کەسێک نییە بکرێت یاری پێبکرێت".
ئاوێنە: ڤانس لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بوداپێست وتی: "ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەبن بە نیەتێکی باشەوە لەگەڵمان کار بکەن، ئەوا پێموایە دەتوانین بگەینە ڕێککەوتن."
هەروەها وتیشی، ئەگەر ئێرانییەکان نەیەنە سەر مێزی دانوستانەکان، "ئەوا بۆیان دەردەکەوێت کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەسێک نییە بکرێت یاری پێبکرێت. ئەو ئارامگر نییە. ئەو چاوی لە بەدەستهێنانی پێشکەوتنە."
واشنتن و تاران سەرکەوتن ڕادەگەیەنن
ڕۆژی چوارشەممە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەدەستهێنانی سەرکەوتنیان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەرامبەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، لە ئاگربەستێکدا کە ئیسرائیل ڕایگەیاند پاڵپشتی دەکات، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە لوبنان ناگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ماوەیەکی کورت لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاند: "ئەمە سەرکەوتنێکی تەواو و گشتگیرە. لە سەدا ١٠٠. هیچ گومانێک لەوەدا نییە."
جەختیشی لەوە کردەوە کە پرسی یۆرانیۆمی ئێرانی "بە باشترین شێوە" چارەسەر دەکرێت، بەڵام خۆی بەدوور گرت لەوەی بڵێت ئایا هەڕەشەکانی پێشووی بۆ وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێککەوتنەکەدا دووبارە دەکاتەوە یان نا. ئاماژەی بەوەشدا کە ڕەنگە چین فشارێکی خستبێتە سەر ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست.
لە لای خۆیەوە تاران ڕایگەیاند کە "سەرکەوتنێکی گەورەی" بەدەستهێناوە، و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند کە "دوژمن دووچاری شکستێکی مێژوویی و گەورە بووەتەوە کە حاشای لێ ناکرێت."
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەیان بەوەدا کە دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن ڕۆژی هەینی لە پاکستان دەستپێدەکەن، کە نێوەندگیری سەرەکییە لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ٢٨ی شوبات هەڵگیرسا و گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی لێکەوتەوە. بەڵام هێشتا هەڵوێستی لایەنە شەڕکەرەکان لێکەوە دوورن.
سوڵتانییەتی عومان، کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن گێڕابوو، داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگەکە لە ناوچەکەدا.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، دەسەڵاتدارانی بەحرەین ڕایانگەیاند کە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە لانی کەم دوو کەس بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە بریندار بوون.
هەروەها بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی شەوانە بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی غاز لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و برینداربوونی سێ کەس، بەپێی وتەی دەسەڵاتداران.
چەند کاتژمێرێک پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر سەکۆی "تروث سۆشیاڵ" نووسیبووی کە "بەو مەرجەی کۆماری ئیسلامی ئێران قبوڵی بکات کە بە تەواوی و بەپەلە و بە سەلامەتی گەرووی هورمز بکاتەوە، من ڕازی دەبم بە هەڵپەساردنی بۆردومان و هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە."
هەروەها وتیشی: "ئێمە لە لێواری گەیشتنین بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە ئاشتییەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران، و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." ئاماژەی بەوەشدا کە تاران "پێشنیازێکی پێشکەش کردووە کە لە ١٠ خاڵ پێکدێت، و پێمان وایە کە بنەمایەکی کردەییە بۆ دانوستان."
دواتر کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا کە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان دەکات.
ئەم ڕاگەیاندنی ئاگربەستە یەک کاتژمێر پێش کۆتایهاتنی دوایین مۆڵەت هات لە زنجیرە مۆڵەتێک کە دۆناڵد ترەمپ ئاراستەی ئێرانی کردبوو، و تێیدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لەناوبردنی "شارستانیەتێکی تەواوی" کردبوو ئەگەر تاران ئەو ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییە نەکاتەوە تا نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بە کاتی گرینج. پێش جەنگەکە، ٢٠٪ی نەوتی خاوی جیهان بەم گەرووەدا تێدەپەڕی.
گەرووی هورمز لە ژێر چاودێریدایە
لە لای خۆیانەوە، سەرکردەکانی ئێران جەختیان لەسەر ڕەزامەندی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کردەوە "بۆ ماوەی دوو هەفتە" ئەگەر "هێرشەکانی سەر ئێران بوەستن"، ئەمەش بەپێی ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر سەکۆی ئێکس نووسیویەتی.
تاران ئاماژەی بەوەشدا کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی ئاگربەستەکەدا چاودێری هاتوچۆی ڕۆژانەی سنوورداری کەشتییەکان دەکەن بە گەرووی هورمزدا. هەروەها بەیاننامەکەی ئێران داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانی کرد.
بەپێی دەقی فارسی ڕێککەوتنەکە کە ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەو پلانەی تاران پێشنیازی کردووە ئەوەش لەخۆدەگرێت کە واشنتن قبوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات؛ بەڵام ئەم وردەکارییانە لە نوسخە ئینگلیزییەکەدا کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بوونیان نییە.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ئیسلام ئاباد دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات، و ڕوونیکردەوە کە ئەمە بە واتای "کۆتایی هاتنی جەنگ" نایەت، و ئەم ماوەیەش قابیلی درێژکردنەوەیە "بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لا".
بازاڕەکانیش بە جۆش و خڕۆشەوە پێشوازییان لەم هەواڵە کرد، بەو پێیەی نرخی نەوت، نەوتی خاوی تەکساسی ناوەڕاست و نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، لە کاتێکدا پشکەکانی بۆرسەی تۆکیۆ (+٥٪) و سیئۆل (+٧.٥٪) بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی کردنەوەی مامەڵەکاندا بەرزبوونەوە. بەڵام بەپێی هۆشدارییەکی یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA)، گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی لە دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە چەند مانگێکی پێدەچێت.
پلانی ١٠ خاڵی کە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان پێشکەشی کردووە و ترەمپیش بۆ دانوستان قبوڵی کردووە
ئیسرائیل لوبنان لە ئاگربەستەکە بەدەر دەکات
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ڕۆژی چوارشەممە لەسەر سەکۆی ئێکس وتی: "خۆشحاڵم کە ڕایدەگەیەنم کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لایەنە هاوپەیمانەکانیان ڕێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک، بە لوبنان و شوێنەکانی تریشەوە، بە کاریگەرییەکی دەستبەجێ"، ناوبراو لە کۆتایی پەیامەکەیدا پیتە گەورەکانی (کاپیتەڵ لە زمانی ئینگلیزیدا) بەکارهێناوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر خێرایی ڕێککەوتنەکە.
بەڵام ئیسرائیل، کە "پشتگیری" خۆی بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆوە دەرچووە و بەسەر ڕۆژنامەنووساندا دابەشکراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە "لوبنان ناگرێتەوە".
ژمارەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە دووەمی ئازارەوە ١٥٠٠ کوژراوی تێپەڕاندووە.
نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری دا بە چەند گەڕەکێکی ناوچەی باشووری بەیروت بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێ وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشەکان.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بڵاوەپێکردنی هێزە وشکانییەکانی لە باشووری لوبنان تەواو کردووە، تا دەگاتە "هێڵی بەرگری پێشکەوتوو" لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵای لایەنگری ئێران، هەروەها هۆشداری چۆڵکردنی دەستبەجێی بە چەند گەڕەکێکی ناوچەی باشووری بەیروت دا، دوای ئەوەی ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی واشنتن لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندووە لوبنان ناگرێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممەش سوپای لوبنان داوای لە ئاوارەکان کرد کە پەلە نەکەن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان لە باشووری وڵات، لە کاتێکدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕایانگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە بووەتە هۆی کوژرانی هەشت کەس لە سەیدا.
هەروەها ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سێ کاروانی موشەکی هەڵداوە، پاش ماوەیەکی کورت لە ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لەگەڵ ئێران گرت و بە "کارەساتێکی سیاسی بێ وێنە" وەسفی کرد، و ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بە شکستهێنان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە ئاگربەستە کاتییەکە کرد، بەڵام داوای لە لایەنەکان کرد کە هەوڵبدەن بۆ بەدیهێنانی "ئاشتییەکی هەمیشەیی" لە ناوچەکەدا.
عێراقیش کردنەوەی کایەی ئاسمانی خۆی ڕاگەیاند کە لە یەکەم ڕۆژی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە داخرابوو.
هەروەها، گروپە چەکدارەکانی عێراقی لایەنگری ئێران کە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کۆبوونەتەوە، ڕایانگەیاند کە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان ڕادەگرن کە لە سەرەتای جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستیان پێکردبوو بۆ سەر "بنکەکانی دوژمن" لە عێراق و ناوچەکە.