لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە لێواری شکستی تەواوەتیدا بوون، پاکستان بە هەوڵێکی دیپلۆماسیی شەوانە و چڕوپڕ توانی ڕێگەکە بۆ ئاگربەستێکی کاتی و دەسپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران و واشنتن خۆش بکات. ئەم پرۆسەیە دوای هێرشی ئێران بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی پترۆکیمیایی لە سعودیە، بە توندی گەیشتبووە ئاستی تەنگژە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی «ڕۆیتەرز»، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا دیاری کرابوو، بەرپرسانی پاکستانی کەوتنە ناوبژیوانییەکی چڕ و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئێران، سعودیە و لایەنەکانی دیکەوە کرد. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی پڕ لە دڵەڕاوکێدا کە دانوستانەکان خەریک بوو بگەنە بنبەست، ئێران لە کۆتاییدا قبوڵی کرد بێ مەرجی پێشوەختە بچێتە ناو ئاگربەستێکی کاتییەوە و ڕێگەی گفتوگۆ بکاتەوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم ناوبژیوانییە، بەڕێوەبردنی هاوکاتی گوشارەکان بوو بۆ سەر ئێران و کۆنترۆڵکردنی گرژییە ناوچەییەکان. پاکستان لە کاتێکدا نیگەرانیی توندی خۆی بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر سعودیە نیشان دا—کە دەکرابوو بەهۆی پەیمانی بەرگرییەوە ئیسلام ئابادیش ڕابکێشێتە ناو جەنگەکەوە—گەرەنتیی لە ئەمریکا وەرگرت کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سنووردار بکات. ئەم گەرەنتییە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە قەناعەتپێکردنی تاران بۆ قبوڵکردنی ئاگربەستەکە.
سەرەڕای گەیشتن بەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە، ناکۆکییە بنەڕەتییەکان هەر وەک خۆیان ماونەتەوە. ئێران داوای بە فەرمی ناسینی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمز و پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هاوکارییە بەرگرییە ناوچەییەکانی دەکات، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، ڕادەستکردنی ماددە ئەتۆمییەکان و سنووردارکردنی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران دەکاتەوە.
ئەم ڕووداوە ئەوەی نیشان دا کە ڕێڕەوی دیپلۆماسی لە تەنگژە ئاواکاندا، زیاتر لەوەی پاشکۆی ڕێککەوتنە بنکەییەکان بێت، بەندە بە بەڕێوەبردنی ساتەوەختیی گرژییەکان و هاوسەنگیی گوشارەکان. ئەو ئاگربەستەی بەدەست هاتووە نەک ئەنجامی چارەسەری ناکۆکییەکان، بەڵکو بەرهەمی مهارکردنی کاتیی خولێکی هەڵکشاوی گرژییەکان بوو کە دەیتوانی ببێتە هۆی پێکدادانێکی فراوانتری ناوچەیی.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی پاکستان نەک تەنیا وەک ناوبژیوان، بەڵکو وەک ئەکتەرێک کە هاوکات لەگەڵ چەندین ناوەندی هێزدا لە پەیوەندیدایە، گرنگی پەیدا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە بەندە بە ئیرادەی لایەنەکان بۆ گۆڕینی ئەم وەستانە تاکتیکییە بۆ چوارچێوەیەکی سیاسیی سەقامگیر.