محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی ڕاگەیاند کە تێوەگلابوون لە بە ئامانجگرتنی پێگەیەک لە هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێ بووە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی فەڕەنسی کوژراوە.
ئاوێنە: سودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدرا، ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کرد. لەو پەیوەندییەدا هەردوولا بارودۆخی گشتی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی ململانێکان و گرنگی بەردەوامبوونی ئاگربەستیان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان تاوتوێ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر "هەوڵ و سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان کردەوە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلابوون لە هەڵدانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە پێگەیەکی نزیک هەولێری کردبووە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕەنسی". سودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بە بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو ئەفسەرە فەڕەنسییە لە هێرشێکی درۆنیدا لە باکووری عێراق کوژراوە و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی پێشکەشکردنی مەشق و ڕاهێنانی دژەتیرۆر بوون.
شایەنی باسە، لە دوای هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی کە بە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستی پێکرد و بۆ ناو خاکی عێراقیش پەرەی سەند، چەندین جار باڵیۆزخانەی واشنتن لە بەغدا و سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمریکا لەناو فڕۆکەخانەی بەغدا، ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆن بوونەتەوە و زۆربەشیان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تێکشکێنراون.
لەو ماوەیەدا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕۆژانە درۆنی لە ئاسمانی هەولێر تێکدەشکاند، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی جێگیرن.
لە بەرامبەردا، گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران، کە بە "بەرگری ئیسلامی لە عێراق" ناسراون، ڕۆژانە بەرپرسیارێتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر "بنکە ئەمریکییەکان" لە عێراق و ناوچەکە دەگرتە ئەستۆ. بەڵام بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ئەو گروپانە ڕایانگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنەکانیان لە عێراق و ناوچەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگرن"، کە ئەمەش هەمان ئەو ماوەیەیە کە بۆ ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران دیاریکراوە.