سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٩ی نیسانی ٢٠٢٦)، ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیی بێوێنەدا بۆ سەر بەیرووتی پایتەخت، سکرتێری تایبەت و ڕاوێژکاری نزیکی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە. هاوکات جەختی لە تێکشکاندنی چەندین ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی چەک و ١٠ کۆگای سەربازی لە باشووری لوبنان کردەوە.
ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" بڵاویکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە ئاسمانییەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناو جەرگەی شاری بەیرووت ئەنجامدراوە. بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەو هێرشەدا "عەلی یوسف حەرشی"، سکرتێری تایبەت و برازای "نەعیم قاسم"، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، کوژراوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "حەرشی" یەکێک بووە لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکانی ناو بازنەی بڕیاردانی نەعیم قاسم و وەک ڕاوێژکاری تایبەتی ئەو کاری کردووە. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی و بڕیاردەری هەبووە لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاسایشی مەکتەبی تایبەتی ئەمینداری گشتیی حزبەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هێرشەکان تەنها بەوەوە نەوەستاون، بەڵکو نزیکەی ١٠ کۆگای چەک و تەقەمەنی و سەکۆی هەڵدانی مووشەک، لەگەڵ چەندین بارەگای سەرکردایەتی سەر بە حزبوڵڵایان لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و تێکیان شکاندوون.