به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزانی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، له روداوێكی "ناخهه‌ژێندا" له چه‌مچه‌ماڵ كچێكی پێنج ساڵان كوژراوه‌و جه‌سته‌ی منداڵه‌كه شوێنه‌واری توندوتیژی پێوه بوه‌و دایك و باوكی منداڵه‌كه وه‌ك تۆمه‌تباری روداوه‌كه ده‌ستگیركراون.
ئاوێنه: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزانی سلێمانی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، منداڵێك لەڕوداوێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراودا لەقەزای چەمچەماڵ دەكوژرێت و بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌یان لێكۆڵینەوەی تایبەت له‌وباره‌یه‌وه ئەنجام دەدات.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، سه‌عات 10ی شەوی 8 له‌سه‌ر 9ی 4ی 2026 لەقەزای چەمچەماڵ و نوسینگەی چەمچەماڵی بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌یان ئاگاداركراوەتە لەڕوداوێكی ناخهەژێن و دڵتەزێنی كوشتنی كچێكی تەمەن 5 ساڵان.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، دەستبەجێ تیمی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە گەیشتنە شوێنی روداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكرد، دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوت كە جەستەی منداڵەكە شوێنەواری توندوتیژی پێوە بوە، بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر هەردو تۆمەتبار (دایك و باوكی منداڵەكە) بەماددەی (410) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکە بەردەوامە.