لێدوانێکی نائاسایی میلانیا ترەمپ لەکۆشکی سپی: هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ جێفری ئەپستاین نەبووە
  2026-04-10       755       
مێلانیا ترەمپ

خانمی یەکەمی ئەمەریکا، مێلانیا ترەمپ بەتۆنێکی بەهێزو توڕەیییەکی ئاشکراوە بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەکۆشکی سپی ڕاگەیاندو وتی "ئەو درۆیانەی کە من پەیوەندیم لەگەڵ جێفری ئەپستاین هەبووە، دەبێت ئەمڕۆ کۆتاییان پێبێت.

 

مێلانیا ترامپ، لەلێدوانێکدا لەکۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە هەرگیز هیچ پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ جێفری ئەپستاین، خاوەن دورگەی بەهەشت یان کەپڵ‌و هاوکارەکەی، جیلیان ماکسوێڵ نەبووە.

میلانیا ترامپ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە پەیوەندییە گوماناوییەکەی لەگەڵ جێفری ئەپستاین دەکەن‌و بەدرۆو چەواشەکارانە ناوی برد. ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەپستاین لەکۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بووە لەساڵی ٢٠٠٠، کە هاوسەرەکەی دۆناڵد ترەمپ بەشداریی تێدا کردووە .

پێداگری لەسەر ئەوەش کرد کە "پەیوەندییان هەرگیز لەناسینێکی هاکەزایی زیاتر هیچی تر نەبووە"و وتی "من شایەتحاڵ نیم و ناوم لەهیچ حاڵەتێکدا نەهاتووە کە پەیوەندی بەتاوانەکانی ئەپستانەوە بێت. ناوم هەرگیز لەهیچ بەڵگەنامەیەکی دادگا ، ئیفادەیەک، لێدوانی قوربانییەکان، یان چاوپێکەوتنێکی FBIدا نەهاتووە کە پەیوەندی بەدۆسیەی ئەپستاینەوە هەیە".

لە هەمان کاتدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئەپستاین ئەو کەسە بووە میلانیای بەدۆناڵد ترەمپ ناساندووەو جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم پاگەندانە بەتەواوی درۆیە"و وتی "ئەپستاین منی بەدۆناڵد ترەمپ نەناساند، من بە ڕێکەوت هاوسەرەکەمم ناسی...".

وتیشی "من هەرگیز هیچ زانیارییەکم نەبووە لەسەر ئەو خراپ بەکارهێنانەی ئەپستاین بەرامبەر بەقوربانییەکان ئەنجامیداوە".

دوای ماوەیەکی کەم بەسەر ئەم قسانەی میلانیادا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەکەناڵی MS Now-ی ڕاگەیاند "هیچ نازانێت لەبارەی لێدوانەکەی مێلانیا سەبارەت بەجێفری ئەپستاین".

پەیامە چاوەڕواننەکراوەکەی میلانیا، کۆشکی سپی سەرسام کرد، چونکە لەکاتێکدا هات کە پێدەچوو دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی مشتومڕی ئەپستاینیان تێپەڕاندبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×