وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوێت رایگه‌یاند، ئێران و بریكاره‌كانی هێرشیان كردۆته سه‌ر دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كانی وڵاته‌كه‌یان و سوپای پاسداران ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ هێرشێكیان ئه‌نجام دابێت.
ئاوێنه: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوێت، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتویه‌تی، به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن ئێران و بریكاره‌كانییه‌وه به درۆن كراوه‌ته سه‌ر كۆمه‌ڵێك له دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كانی وڵاته‌كه.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، به‌رده‌وامیی ئه‌م ده‌ستدرێژییانه بۆ سه‌ر كوێت و وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌وڵه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه بونه مایه‌ی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست لاواز ده‌كات.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوێت داواشی كردوه ئێران و بریكاره‌كانی ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ مه‌رج پابه‌ندبن به راگرتنی ته‌واوی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كوێت و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه.
رۆژی چوارشه‌ممه 8ی مانگیش وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه رایگه‌یاند، سیستمی به‌رگریی وڵاته‌كه‌یان به‌رپه‌رچی نۆ درۆنی داوه‌ته‌وه‌و تێكیشكاندون.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بانگه‌شانه‌دا، سوپای پاسدارانی ئێران، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتی رابردودا هه‌ندێك له ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ باسیان له هێرشی درۆنی و موشه‌كی بۆ سه‌ر به‌شێك له دامه‌زراوه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو كردوه. ئێمه رایده‌گه‌یه‌نین كه هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران، له كاتی راگه‌یاندنی ئاگربه‌سته‌وه تاوه‌كو ئێستا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ هێرشێكیان بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێك ئه‌نجام نه‌داوه.
سوپای پاسداران ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه راست بن، بێگومان ئه‌وه كار ئیسرائیل یان ئه‌مریكا بوه.
سوپای پاسداران جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌گه‌ر هێرش بكه‌نه سه‌ر هه‌ر ئامانجێك، به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه‌و به‌ڕه‌سمی رایده‌گه‌یه‌نن و هه‌ر شتێكیش له‌ناو راگه‌یه‌ندراوه ره‌سمییه‌كانی ئێران‌دا نه‌بێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئێمه‌وه نییه.