وه‌زاره‌تی ناوخۆ: شه‌وی رابردو چه‌ند هێرشێكی درۆنی كرانه‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێم و تێكشكێندران
  2026-04-10       199       

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم رایگه‌یاند، سه‌رباری راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، شه‌وی رابردو، لە چەند کاتێكی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هەرێمی کوردستان، هێرشه‌كان تێکشکێندراون و درۆنه‌كان کەوتون.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی"سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بوە و بەشێک نەبوەو نابێت لە شەڕ و گرژی و سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026 و لە چەند کاتی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجام تێکشکێندراون و کەوتون."

وه‌زاره‌ته‌كه‌ وتوشیه‌تی"هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان چاوەڕێی ئاساییبونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن."

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم جەختی لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی كردۆته‌وه‌و وتویه‌تی، داوا لەهەمو لایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان نەکەنە ئامانج.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌و شوێنانه‌ نه‌داوه‌ كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، به‌ڵام شه‌وی رابردو هاوڵاتیانی به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی سنوری هه‌ولێر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌نگی به‌هێز و فڕینی درۆنیان به‌ ئاسمانی ناوچه‌كانیاندا بیستوه‌، له‌وانه‌ش بیستنی ده‌نگی به‌هێز له‌ هه‌ریری سنوری پارێزگای هه‌ولێر و له‌ سنوری قه‌زای سۆران.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×