کەناڵی ئەلعەرەبیە ڕۆژی هەینی (١٠ی نیسان) ئاشکرای کرد، ئەو هێرشە درۆنییانەی ڕۆژی ڕابردوو کە هەوڵیان دەدا پێگە سەربازییەکانی سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی کوەیت بکەنە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە، لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.
ئاوێنە: بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەبیە ئەمڕۆ دۆخی ئاسمانی کوەیت ئارامە، کوەیت دوێنێ، ئێران و هێزە بریکارەکانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی کە لە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردووەوە کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، "ئیسرائیل یان ئەمریکا"ی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار کرد.
لەم دواییانەدا کوەیت چەندین یادداشتی ناڕەزایەتی ئاراستەی بەرپرسانی عێراقی کردووە و هەروەها باڵیۆزی عێراقی سەبارەت بەو هێرشانە و هەڵدانی درۆن لە خاکی عێراقەوە، بانگهێشت کردووە.
چەندین گرووپی عێراقیی لایەنگری ئێران، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، چوونەتە ناو ئەو ململانێیە و هەوڵیان داوە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکەنە ئامانج.