پەرلەمانتار محەمەد قوتەیبە، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە پێنج خاڵ گوشارهێنەرن پاڵ بەوەوە دەنێن کە پێویستە دانیشتنی سبەینێی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو بێت.
ئاوێنە: قوتەیبە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی /المعلومة/ ڕایگەیاند: "دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت کراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەک تەوەرێکی گرنگ لە چوارچێوەی ڕێکارە دەستوورییەکاندا، تا دەگاتە ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "دواکەوتنی ئەم دانیشتنە بۆ ماوەی چەند مانگێک، نیشانەی پرسیاری زۆر لەسەر دیمەنە سیاسییەکە دروست دەکات، ئەمەش پابەندبوون بە ڕێکارە دەستوورییەکان دەخوازێت".
ناوبراو وتیشی: "پێنج خاڵ هەن کە گوشار دەکەن بۆ سەرخستنی دانیشتنەکەی سبەی، دیارترینیان سروشتی ئەو ئاستەنگە هەنووکەییانەیە کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە ڕووی دارایی و ئابووری و ئەمنییەوە، لە سێبەری ئەو گرژییەی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەبینێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "وڵات پێویستی بە لەدایکبوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو هەیە بۆ دانانی چارەسەر بۆ سەرجەم ئەو مەلەفانەی کە خراونەتە ڕوو".
هەروەها ئاماژەی بە "گرنگی هەنگاونان بەرەو پەسەندکردنی بودجەی 2026 و دانانی چارەسەر بۆ مەلەفەکەی، لەگەڵ کێشەکانی تریش" کرد، جەختیشی کردەوە کە "زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان بەڵێنی ئامادەبوون و بەشداریکردنیان داوە لەپێناو یەکلاکردنەوەی ئەم شایستەیە".
قوتەیبە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "دانیشتنی سبەی وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانی ڕای گشتی دەداتەوە"، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ یەکلاکردنەوە و سەرخستنی دانیشتنەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە دەربڕی.