ترەمپ: کەشتییەکانمان بەباشترین تەقەمەنی پڕچەک کراون، ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن لەئێران دەدەن
  2026-04-10       188       

پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەپاکستان، ترەمپ لێدوانێکی دا کە پێدەچێت گرژیەکان زیاتر بکات، ئەو دەڵێت "ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتی شکست بهێنن، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە "باشترین تەقەمەنی" پڕچەک کراون بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دژی ئێران".

 

ئاوێنە: لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە "باشترین چەک" تەیارکراون بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتی لە پاکستان شکستی هێنا.

دوای ماوەیەکی کەم لەبەڕێوەکەوتنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی‌و جارێد کوشنەری زاوای بەرەو ئیسلام ئاباد، ترەمپ لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا گفتوگۆکان سەرکەوتوو دەبن یان نا، ترەمپ وتی، "لە نزیکەی ٢٤ کاتژمێردا بۆمان دەردەکەوێت. بەم زووانە دەزانین. ئێمە لە پرۆسەی ڕێستکردنەوەداین. ئێمە کەشتییەکان بە باشترین تەقەمەنی تەیار دەکەین، باشترین چەک کە تا ئێستا بەرهەم هێنراون. تەنانەت باشترە لەوەی کە بەکاریانهێناوە بۆ لەناوبردنی تەواو. ئەگەر هیچ رێککەوتنێک نەبێت، بەکاریان دەهێنین، زۆر بەکاریان دەهێنین بە شێوەیەکی کاریگەر”.

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەکەی بۆ لایەنی ئێرانی، ترامپ وتی "ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەن کە نازانین ڕاستی دەڵێن یان نا"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەراستەوخۆ پێماندەڵێن کە هەموو چەکی ئەتۆمییان لەناوبراوە، هیچیان نەماوە. دواتر دەچنە لەمیدیاکاندا دەڵێن نەخێر دەمانەوێت دەوڵەمەندی بکەین، بۆیە ئێمە دەچین بۆ ئەوەی بزانین راست دەکەن یان نا”.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×