دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئاماری زیانە گیانییەکانی ریزەکانی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان راگەیاند، کە تێیدا ٧٩ چەکدار کوژراون و ٢٦٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ هەینی (١٠ی نیسان)، ئەم ئامارە قوربانییەکانی ماوەی نێوان ٢٨ی شوبات تاوەکو ٨ی نیسان دەگرێتەوە. ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێگەکانی ئەو هێزانە لە عێراق، کە بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٢٠٠ هێرش لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراون.
لە بەرامبەریشدا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە ئامانجی پێكانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا. بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، بەهۆی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و پایتەخت، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.