وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل دەڵێت "لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٠٠ هێرشی ئاسمانیمان بۆ سەر حزبوڵای لوبنان ئەنجامداوە".
ئاوێنە: ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی "لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیاتر لە 200 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئامانجەکانی حزبوڵا لەلوبنان ئەنجامداوە".
هێزی ئاسمانی بەردەوامە لەبەئامانجگرتنی ژێرخانی حزبوڵاو دابینکردنی پاڵپشتی ئاسمانی بۆ ئەو هێزە زەمینیانەی کە لەباشووری لوبنان کاردەکەن.
جگە لەوەش ئیسرائیل بەردەوامە لەئامانجکردنی سەکۆکانی هەڵدانی موشەک بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، تەنها ڕۆژی چوارشەممە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 357 کەس.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن فەرماندەیی سوپای ئەو ولاتە رێنماییان دەرکردووە کە هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان خاو بکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەئیسلام ئابد دانوستان لەنێوان ئەمریکاو ئێران بەردەوامەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانوستانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەواشنتۆن بەڕێوە بچێت.