ئیسرائیل: گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد شکست بهێنێت هێرش دەکەینەوە سەر ئێران
  2026-04-11       315       

ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمشەو "خولی سیێیەمی دانوستان کە خولی یەکلاکەرەوەیەی گفتوگۆکانە لەئیسلام ئاباد ئانجام دەدرێت، ئیسرائیل خۆی بۆ شکستی گفتوگۆکان ئامادە دەکات‌ە دەڵێت "دانوستانی ئیسلام ئاباد شکست بهێنێت ئێمە هێرش دەکەینە سەر ژێرخان‌و دامەزراوەکانی وزە".

 

ئاوێنە: لە سایەی "بنبەست" لەبارەی چارەنووسی گەرووی هورمز، ئێران ڕەشبینەو بانگەشەی ئەوە دەکات "ئەمریکا زیادەڕۆیی دەکات لەداواکارییەکانیدا بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئەوە بەدەستبهێنێت کە لە ٤٠ ڕۆژی شەڕدا بەدەستی نەهێنا".

ئیسرائیل مەزەندە دەکات کە گفتوگۆکان دەتەقنەوەو لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامیی گواستنەوەی ئاسمانی چەکەکانی ئەمریکادا، ئامادەکاری بۆ نوێکردنەوەی شەڕەکە دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی "فارس" لەزاری "سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار"ی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا "داواکاریی زیادەڕۆیی دەکات سەبارەت بە گەرووی هورمز" - ئەو ڕێگایە ستراتیژییە دەریاییەی کە ئێران لە شەڕەکەدا گرتبووی و ئێستا بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات، لەکاتێکدا ئەمریکا داوای دەکات دەستبەجێ بیکاتەوە بەڕووی جووڵەی ئازاد و بەبێ وەرگرتنی پارە.

ئەو سەرچاوەیە بە"فارس"ی وتووە "پێدەچێت ئەوەی ئەمریکا لە ماوەی 40 ڕۆژ شەڕدا بەدەستی نەهێنا، ئێستا پێشبینی دەکات بە ئاسانی لە دانوستانەکاندا بەدەستی بهێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "جگە لە گەرووی هورمز، ئەمریکا داواکاریی قبوڵنەکراوی سەبارەت بە چەند پرسێکی دیکەش کردووە. شاندی ئێرانی بڕیارە ئەو شتانە بپارێزێت کە ئێران لەسەر زەوی بەدەستی هێناوە".

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ناکۆکی لەسەر کۆنترۆڵکردنی هورمز بووەتە هۆی "بنبەست" لەدانوستانەکاندا.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار لەوردەکارییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هەرچەندە ئەمانە دانوستانێکی زۆر جددین، بەڵام هەڵسەنگاندنەکە لەئیسرائیل ئەوەیە کە ئەگەرێکی زۆر هەیە گفتوگۆکان داڕوخێن. لەبەرئەوەی زۆر قورس دەبێت بۆ ئێران کە نەرم و نیان بێت، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنەکە ئەوەیە کە لەکۆتاییدا دانوستاکە شکست دەهێنێت‌و دۆخەکە جارێکیتر دەتەقێتەوە.

بەڵام هاوکات لەئیسرائیل دەڵێن، جێگری سەرۆک، ڤانس لەگەڵ جارێد کوشنەرو ستیڤ ویتکۆف نێردراوان، بەڕاستی دەیانەوێت دەستکەوتێک بەدەست بهێنن، "دانوستاندنەکان نمایش نین و بە جددییەکی تەواوەوە بەڕێوەدەچن. بەڵام ناکۆکی‌و جیاوازییەکان زۆر گەورەن، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنەکە ئەوەیە کە لەکۆتاییدا دانوستانەکان دادەڕووخێن".

لە هەمان کاتدا هەردوو ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ تەنانەت پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئەوا خۆیان بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر ژێرخان و ئامانجەکانی وزە ئامادە دەکەن. هەروەها گواستنەوەی چەک و فڕۆکە لە ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل بە فڕۆکە بەردەوامە.

لەئیسرائیل دڵنیان کە ئەمریکییەکان سازش لەسەر  لەسەر ئەو مەرجانە ناکەن کە ئێران داوایان لێدەکات – بەپلەی یەکەم لابردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوو هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران.

لەبەر ڕۆشنایی داواکاری ئێران بۆ ئاگربەستی تەواو لە لوبنان، پاگەندەی ئەوەی کە ئەمە بەپێی مەرجەکانی ئاگربەستی کاتی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە – پاگەندەیەک کە ئیسرائیل و ئەمریکا ڕەتیانکردەوە – ئەمریکا داوای لەئیسرائیل کرد هێرشەکانی لەلوبنان کەمتر بکاتەوە، هەروەها وەک ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لەواشنتۆن لەم سێشەممەی داهاتوودا . ئیسرائیل پابەندی ئەو داواکارییە بووە و بۆ ئێستاش خۆی لە هێرشەکانی بەیروت دەپارێزێت. بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانەکانی باشووری لوبنان و چالاکییەکانی لەوێ چڕ دەکاتەوە.

دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد مێژوویین و یەکەمین جارە کە بەرپرسانی باڵای وەها لە ئەمریکا و ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامی لەساڵی ١٩٧٩ و پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕووبەڕووی یەکتر ببینەوە. دانوستانەکان بە ئامانجی ئەوە بەڕێوەدەچن کە ئاگربەستە ناسکە کە لەم هەفتەیەدا لەسەری ڕێککەوتوون، بۆ ماوەی دوو هەفتە، هەمیشەیی بێت و وەک ترامپ ڕایگەیاندووە، بنەمای دانوستانەکان پلانێکی ١٠ خاڵییە کە لەلایەن ئێرانەوە پێشکەش کراوە- هەرچەندە ناکۆکییەکی زۆر لەسەر وردەکارییەکانی ئەم خاڵانە هەیە.

پرسیاری سەرەکیی مشتومڕ چارەنووسی گەرووی هورمزە، وەک لەسەرەتای ئێوارەی ئەمڕۆدا ڕاگەیەندرا سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەستیکردووە بەئۆپەراسیۆنێک بۆ لابردنی ئەو مینانەی کە ئێران لە گەرووی هرموزدا داینابوو، سوپای ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کەشتی ئەمریکی بۆ یەکەمجار لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە بەگەرووەکەدا تێپەڕین.

گەرووی هورمز، لەنێوان کەنداوی فارس و کەنداوی عوماندایەو قەرەباڵغترین ڕێڕەوی بازرگانی نەوتی دەریاییە لەجیهاندا - نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکارهێنانی نەوتی جیهان لەڕۆژانی ئاساییدا پێیدا تێدەپەڕێت. دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە ٢٨ی شوبات، تاران ڕایگەیاند کە لەمەودوا هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەک کە بەبێ مۆڵەتی تایبەتی خۆی بچێتە ناویەوە، ئاگری تێبەردەدا، بەمەش بازاڕی وزەی جیهانی هەژاند و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئێران سوودی لە شەڕەکە وەرگرت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لەهەموو شتێکدا بکات کە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی گەرووەکەوە هەیە، بۆ یەکەمجار داوای سەروەری بەسەریدا کردو داوای پارەی لە کەشتیەکان کرد بۆ ئەوەی پێیدا تێپەڕن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×