مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەراگەیاندراوێکدا دەڵێت، "ئەو کەسەی وەکو سەرۆککۆمار دیاریکراوە بەنوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین".
ئاوێنە: دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان:
هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان و عێراق...
ئەمڕۆ، 11ى نیسانى 2026، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە شێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسندکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە. هەروەها ئەو بەربژێرەی کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە، نەک حیزبێک، بەڵام ئەم بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسندیان کردووە!
بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە رەتدەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پاتیمان بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد کە دەبوایە دواى بایکۆت کردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە. لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنى پارتیمان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان
11ى نیسانى 2026