جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند لەگەڵ تاران ڕێکنەکەوتن و میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت، داواکارییەکانی واشنتۆن زیادەڕۆییان تێدا بووە.
ئاوێنە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، بێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایییان پێهات.
ڤانس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دانوستانێک کە نزیکەی 21 کاتژمێری خایاند، وتی: “زنجیرەیەک وتووێژمان ئەنجامدا و ئەمە هەواڵێکی باشە.”
هەروەها وتیشی: “بەڵام هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە نەمانتوانی بگەینە ڕێککەوتن. پێموایە ئەمە بۆ ئێران خراپترە وەک لە ئەمریکا. بۆیە بێ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەگەڕێینەوە بۆ واشنتۆن.”
ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران ئەو بەڵێنانەی نەداوە کە ئەمریکا داوای کردبوون و جەختی کردەوە کە پێویستە واشنتۆن دڵنیایییەکی بێچەندوچوونی دەستبکەوێت کە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئەو ئامرازانە نادات کە دەبنە هۆی گەیشتن بەو چەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان داواکارییەکانی خۆی زۆر بە ڕوونی پێشکەشی ئێران کردووە، “بەڵام ئێران بڕیاریدا ئەو مەرجانە قبوڵ نەکات.”
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند کە داواکارییە “زێدەڕۆکانی” ئەمریکا بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن.