ئاکسیۆس: گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد لەسەر گەرووی هورمز و یۆرانیۆم گەیشتە بنبەست
  2026-04-12       158       

 "ئاکسیۆس" لە زاری "سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد"ەوە بڵاویکردەوە، کە بەشێک لە ناکۆکییەکان بۆ پێداگرییەکانی ئێران لەسەر سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمز و ئامادەنەبوونی بۆ دەستبەرداربوون لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەگەڕێتەوە.

​ئاوێنە: هاوکات، چەند میدیایەکی ناوخۆیی ئێران دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند، گفتوگۆکان بەهۆی "واقیعبین نەبوونی لایەنی ئەمریکی" و "زیادەڕەوییەکانی" واشنتن بێ ئەنجام ماونەتەوە.

​جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەستبەجێ دوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی چوار خولەکی، ئیسلام ئابادی بەرەو واشنتن جێهێشت.

​جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کە بەرپرسانی ئەمریکی بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، شوێنی دانوستانەکان جێدەهێڵن.

​بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس، هیچ کەسێک چاوەڕێی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی نەدەکرد لە ڕۆژی شەممەدا، بەڵام ئەمریکا هیوادار بوو لانی کەم جوڵەیەک بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان دروست ببێت، تەنانەت ئەگەر بە مانای درێژکردنەوەی ئاگربەستیش بێت.

​سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە لێدوانە کورتەکانی ڤانس هیچ نیشانەیەکی جدی لە گەشبینی پێوە دیار نەبوو، هەرچەندە ئەوەی ڕانەگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەردەوامبوونی پرۆسەی گفتوگۆکان دەکشێتەوە.

​ئەم بنبەستەی ئێستا، چارەنووسی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی کە هەفتەی ڕابردوو لەسەری ڕێککەوتبوون ناڕوون کردووە و ئەگەری دەستپێکردنەوە و توندتربوونی پێکدادانەکان زیاد دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×