روسیا: رێككەوتنەكەی نێوان مۆسكۆ و ئەنكەرە بەقورسی جێبەجێ دەكرێت
  2019-10-30       2829       

سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، رێككەوتنەكەی نێوان مۆسكۆ و ئەنكەرە سەبارەت بە باكوری سوریا جێبەجێ دەكرێت بەڵام بەقورسی. دەشڵێت، ئەو رێككەوتنە تاكە رێگەیە بۆ پاراستنی سەروەری سوریا.

ئاوێنە: بەپێی كەناڵی روسیا تودەی، ئەو وتانەی سێرگی شویگۆ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی دیدارێكدا هاتون لەگەڵ ئیلهام علەییف، سەرۆكی ئازەربایجان لە باكۆ.

وەزیری بەرگری روسیا وتویەتی"ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنەی كە لەلایەن سەرۆكی روسیاو سەرۆك توركیاوە ئیمزاكرا، جێبەجێ دەكرێت بەڵام بەقورسی."

ئەوەشی خستەڕو"لەگەڵ ئەوەش ئێمە پێمانوایە ئەو رێككەوتنە تاكە رێگەیە بۆ بەرقەراركدنی ئاشتی لە سوریا و پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی."

سەعات 6:00ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ئەو ماوە 150 سەعاتییە كۆتایی هات كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبو لەو ماوەیەدا یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لەو ناوچانەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بكشێنەوە. 

هەر ئێوارەی دوێنێ وەزیری بەرگری روسیا بەر لە كۆتایی هاتنی ئەو ماوە 150 سەعاتییە، رایگەیاند كە كشانەوەی هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچانەی دیاریكرابو بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر كۆتایی هاتوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×