گەڕی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هات، ئەمەش دوای زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر لە گفتوگۆی چڕوپڕ، بەمەش دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تەمومژاوی لە هەڵکشان یان هێوربوونەوەیەکی شلۆقدا کردەوە، لە ناوەڕاستی ئەوەی ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان بە "چەقبەستوویی ستراتیژی" وەسفیدەمێننەوە.
ئاوێنە: ڕووماڵی ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتن پۆست و تەلەگراف لەسەر ئەوە کۆک بوون کە شکستی ئەم گەڕە جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی کەلێنێکی قووڵە لە هەڵوێستی هەردوو لادا، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئایندەی ڕێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.
لە لایەنی ئەمریکییەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک سەرکردایەتی دانوستانەکانی دەکرد، کە دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکان جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نەیتوانیوە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و وتی: "نەمانتوانی بگەینە دۆخێک کە تێیدا ئێران ئامادە بێت مەرجەکانمان قبوڵ بکات... ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر نەرمیمان نواند، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکمان بەدەست نەهێنا."
دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی خۆی لە پێداگری واشنتن دەبینێتەوە، بە پاڵپشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆتاییهێنانێکی تەواوەتی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە بەرامبەریشدا تارانیش پێداگرە لەسەر مافی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری توانا ستراتیژییەکانی بێت.
هەروەها ناکۆکییەکان دۆسیەی دیکەشیان گرتەوە، وەکو کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران و قەرەبووەکانی پەیوەست بە جەنگ، بێجگە لە داواکاری بۆ ئاگربەست لە لوبنان.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەکە (نیویۆرک تایمز) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا پێشنیارێکی لە جۆری "یا قبوڵی بکە یان وازی لێ بهێنە" پێشکەش کردووە، لە کاتێکدا ئێران بڕیاریدا ڕەتی بکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە ڕەنگدانەوەی توندگیرییەکی هاوبەشە، وە دەڵێت شکستی گفتوگۆکان پرسیارێکی هەنووکەیی دەوروژێنێت: ئەی دوای ئەوە چی؟
ڕۆژنامەکە پێی وایە ئیدارەی ترەمپ ڕووبەڕووی بژاردەی "نەخوازراو" بووەتەوە، کە لە نێوان چوونە ناو دانوستانێکی درێژخایەن و ئاڵۆز، گەڕانەوە بۆ جەنگ، یان هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە بەبێ چارەسەرێکی ڕیشەیی خۆیان دەبیننەوە.
هەروەها ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات لەوەی دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی زیاتری قەیرانی وزەی جیهانی، بەتایبەتی کە ململانێکە پەیوەستە بە گەرووی هورمزەوە، کە شاڕەگێکی ژیانییە بۆ دابینکردنی نەوت.
لە بەرامبەریشدا، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گەڕە بەرزترین ئاستی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بووە لە ماوەی دەیان ساڵدا، بەڵام بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە کۆتایی هات، لەگەڵ بە کراوەیی هێشتنەوەی دەرگا بە شێوەیەکی تیۆری لەبەردەم دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکاندا.
لای خۆشیەوە ڕۆژنامەی 'ئای پەیپەر'ـی بەریتانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاگربەست هێشتا شلۆقە، لە سایەی بەردەوامیی گرژییە مەیدانییەکان، کە ئەمەش ڕەنگە هەر هەلێک بۆ سەرکەوتنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەبار ببات.
وەک دیارە، بەپێی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، ئیسرائیل ڕازییە لەوەی کە بە هەڵوێستێکی توندی ئەمریکا ناوی بردووە، تەنانەت ئامادەکاریش بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و واشنتندا هەیە سەبارەت بە هێڵە سوورەکان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا، بۆیە لە هەڵوێستەکەی واشنتن سەریان سوڕنەماوە، بەڵکو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان پەیڕەوی لەو ڕێبازە دەکەن کە پێی وایە "خۆبەدوورگرتن لە ڕێککەوتن باشترە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خراپ".
بەڵام ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی ترەمپ و ڤانسی جێگری، پەرۆشییەکی زۆر بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ نیشان نادەن، بۆیە ڕەنگە ئامۆژگاری بکەن کە دەرفەتێکی دیکە بە دانوستانەکان بدات، بەو هیوایەی پاکستانییەکان بتوانن ئێرانییەکان قایل بکەن کە نەرمی بنوێنن.
سەرەڕای ئەوەش، ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکات، هەروەک چۆن ئیسرائیلیش خۆی بۆ ئەگەری گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ ناو جەنگ ئامادە دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێو ئەو پێشنیارانەی خراونەتەڕوو، سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر ئێران و گەڕانەوەیە بۆ بۆردومانکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەمەبەستی بەئامانجگرتنی کەرتی وزە و ژێرخانی نیشتمانی، بۆ ئەوەی ئێران توانای ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی نەبێت و پرۆسەی داڕمانی ڕژێمەکە خێراتر بکرێت و خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە گەرووی هورمز، داگیرکردنی دوورگەی خارک و کردەوەی سەربازی بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
سیناریۆکان
لە سێبەری ئەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، ڕۆژنامەی تەلەگراف ٣ سیناریۆی سەرەکی بۆ ئەوەی ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبدات دیاری کردووە:
یەکەم: دەستپێکردنەوەی دانوستان لە ژێر فشاردا
ڕەنگە کشانەوەی شاندی ئەمریکی هەنگاوێکی تەکتیكی بێت بۆ ناچارکردنی ئێران بە پێشکەشکردنی سازشی زیاتر لە داهاتوودا، بەڵام ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات لەوەی ئەم ڕێڕەوە ڕەنگە ببێتە هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی قەیرانەکە و دووبارەبوونەوەی دۆخی چەقبەستوویی ئێستا.
دووەم: گەڕانەوە بۆ هەڵکشانی سەربازی
ئەم سیناریۆیە دەستپێکردنەوەی جەنگ بە شێوەیەکی بەرفراوان یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووردار لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز. مەترسییەکانیش لەوەدان کە ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، بێجگە لە زیادبوونی فشارە سیاسییەکان لە ناوخۆدا لەسەر ئیدارەی ئەمریکا.
سێیەم: کۆتاییهێنان بە جەنگ بەبێ ڕێککەوتن
بەپێی ڕۆژنامەکە، ڕەنگە سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی فەرمی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەم بژاردەیە ڕەنگە وەک پاشەکشەیەکی ئەمریکی لێکبدرێتەوە کە پرسە سەرەکییەکان بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە، کە لە سەروو هەموویانەوە دۆسیە ئەتۆمییەکەیە.
لە ڕێگەی ئەم ڕاپۆرتانەوە دەردەکەوێت کە دەرئەنجامەکانی ئەم گەڕە واقیعێکی ئاڵۆزیان هێناوەتە ئاراوە، ئەمریکا نایەوێت بچێتە جەنگێکی درێژخایەن و تێچووی زۆرەوە، ئێرانیش ڕەتیدەکاتەوە سازشی جەوهەری بکات. لە نێوان ئەم دووانەشدا، دیمەنەکە بە کراوەیی لەبەردەم ٣ ئەگەردا دەمێنێتەوە: دانوستانی درێژخایەن، هەڵکشانی مەترسیدار، یان ڕێککەوتنێکی شلۆق. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی وتەی تەلەگراف، ناوچەکە و جیهان وەک بارمتەی پێشهاتەکانی ئەم دۆسیەیە دەمێننەوە.