بەڕێوەبەری دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، پرۆسەی هەناردە و هاوردە و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و هیچ پەککەوتنێک لە جموجۆڵە بازرگانییەکاندا ڕووی نەداوە.
ئاوێنە: لیوا عومەر وائلی، بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەروازەکانی نێوان عێراق و ئێران بە چالاکی ماونەتەوە. ئاماری ڕۆژانەی هاتنی بارهەڵگرەکان بەم شێوەیەیە:
دەروازەی شەلامچە: ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ بارهەڵگر.
دەروازەی زورباتیە: نزیکەی ٤٠٠ بارهەڵگر.
دەروازەکانی مەندەلی و مونزرییە: ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ بارهەڵگر بۆ هەر دەروازەیەک.
دەروازەی شەیب: ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ بارهەڵگر.
وائلی جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ئەم جموجۆڵە بازرگانییە بووەتە هۆی سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕەکانی عێراق و دڵنیایی دا کە کاڵا و پێداویستییەکان بەبێ پچڕان دەگەنە دەستی هاووڵاتیان.
سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە، ژمارەی گەشتیاران ڕووی لە زیادبوون کردووە. هەروەها تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ئاسانکاری و ڕێکخستنی کاروباری ئەو گەشتیارە عێراقی و بیانیانەی کە بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لە دەرەوە مابوونەوە، تاوەکو بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.
ئەوەشی خستەڕو، "هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە لێشاوی هاتوچۆ و پشتگیریکردنی ستافی دەروازەکان کە لەم ماوەیەدا ئەرکێکی قورسیان لەسەر بووە."