وەزیرێکی ئیسرائیل وێنەیەکی زەلیلکەری ئەردۆغان بڵاودەکاتەوەو دەڵێت "بەپەلە باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکانی تورکیا دابخەن"
  2026-04-12       1291       
ئەو وێنەیەی کە ئیلیاهۆ لە ئەکاونتی تۆڕی Xی خۆی بڵاوی کردووەتەوە

عمیحاای ئیلیاهۆ، وەزیری کەلەپور کە لەگەڵ نەتانیاهۆو بن گڤیرو بەرپرسانی باڵای دیکە بەتۆمەتی "دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کەشتی صمود" بۆ غەززە "تۆمەتبار کران"، داوای داخستنی باڵیۆزخانەی تورکیا لەئیسرائیل و کۆتاییهێنان بەپەیوەندییەکان لەگەڵ "دیکتاتۆری فاشیست ئەردۆغان" دەکا‌و وێنەیەکی بە"زیرەکی دەسکرد"ئ ئەردۆغانی بڵاوکردوەتەوە کە لەبەرپێی نەتانیاهۆ چۆکئ داداوە.

 

ئاوێنە: دوای ئەوەی تورکیا داوای یاسایی لەسەر بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل تۆمارکرد، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر کەشتیی "صمود"دا گرتووە بۆ کەرتی غەززە، وەزیری کەلەپور "عمیحای ئیلیاهۆ" کە لەلایەن داواکاری گشتی تورکیاوە تۆمەتبارە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە تۆڕی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، تێیدا ڕەجەب سەرۆک کۆماری تورکیا تەیب ئەردۆغان لەبەردەم پەرستگای پیرۆزی جووەکاندا - لەبەرپێی نەتانیاهۆدا کە ئاڵای ئیسرائیلی بەدەستەوەیە، چۆکی داداوە.

ئیلیاهۆ شانبەشانی وێنەکە نووسیویەتی "کاتی داخستنی دۆسیەی دڵتەزێنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە فاشیستەدا هاتووە"، کە وێنەی خۆیشی لەپاڵ وێنەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، ئەردۆغان، نەتانیاهۆو وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیتامار بن گڤیر - سەرۆکی پارتی ئەلیاهۆ، ئۆتزما یەهودیت - لەژێر ناوی "تورکیای دیکتاتۆر ئەردۆغان".

هەروەها نووسیویەتی "سبەی لەکۆبوونەوەی حکومەتدا داوا دەکەم کە وەزیری دەرەوەو سەرۆکوەزیران دەستبەجێ باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکەی تورکیا دابخەن".

ئیلیاهۆ نووسیویەتی "تورکیا کە باکوری قوبرسی داگیرکردووەو خاکی کوردەکانی لە ڕۆژهەڵات کۆنترۆڵ کردووە، بوێری ئەوەی هەیە فێری ئەخلاقمان بکات؟! تورکیا کە ئابووریی خۆی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکان بنیادنا، دەوێرێت ئێمە بەجینۆساید تۆمەتبار بکات؟! تورکیا کە بەزۆرەملێ بەئیسلامیکردن دەسەپێنێت، دەوێرێت باسی مافەکانی مرۆڤ بکات؟!".

وتیشی "ئەردۆغانی مونافیق‌و دووڕوو بەو سێرکەی ئێستا کەس ناجوڵێنێت. گەلی ئیسرائیل بەدرێژایی مێژوو لەزۆر 'دادگا'دا سزا دراون. لەدادگاکانی پشکنیندا بەهۆی جولەکەبوونمانەوە دادگایی کراین. کاتێک شەڕمان کردەوە دوای پۆگرۆمەکان کە لە دژی ئێمە ئەنجامدرا، بە هۆی ئەوەی زۆر بەهێز بووین، دادگایی کراین. لەهۆلۆکۆستدا، لەسەر خودی بوونی خۆمان دادگایی دەکراین. دوای هەموو 'دادگایەک'، ئێمە بەهێزتر دەبینەوە".

لەکاردانەوە بەتۆمەتی تۆمەتبارکردنی لەتورکیا، شەوی ڕابردوو نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئیسرائیل بە سەرکردایەتی من بەردەوام دەبێت لەبەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران و بریکارەکانی، بە پێچەوانەی ئەردۆغان کە هاوکاریان دەکات و تەنانەت هاوڵاتییە کوردەکانیشی کۆمەڵکوژ دەکات".

 ئیلیاهۆ پێشتر لێدوانی جۆراوجۆری مشتومڕاوی داوە. بەناوبانگترینیان لە سەرەتای شەڕی حەماس بوو، نزیکەی مانگێک دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٧ی تشرینی یەکەم، کاتێک وتی کە فڕێدانی بۆمبی ئەتۆمی لەسەر کەرتی غەززە "یەکێکە لە بژاردەکان "، لەکاتێکدا لەو کاتەدا ٢٤١ بارمتە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر بوون. قسەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ئیدانەکردنی لێکەوتەوە و سەرۆک وەزیرانیش بۆ ماوەیەکی کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا لەو کاتەدا ڕاگرت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×