سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل فەرمانی بەسوپای ئیسرائیل کرد "ئامادە" بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلی ڕێنمایی کردووە کە ئامادەبێت بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران، دوای شکستی دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران لەئیسلام ئابادی پاکستان .
بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، زەمیر فەرمانی بە سوپا کردووە ئاستی وریاییو ئامادەیی خۆیان بەرزبکەنەوەو خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەئایندەیەکی نزیکدا ئامادە بکەن.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند که سوپا دیسانەوه چووەته ناو "دۆخی ئامادەباشیی"، لەپڕۆسەیەکی هاوشێوەی پێش دوو هێرشی پێشوو بۆ سه ر ئێران.
لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل (AMAN) هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی لیستی ئامانجەکانی لەئێران خێراتر دەکات، ئامانجە ئەولەویەتەکانیش بریتین لەسیستەمی مووشەکی، مووشەک هەڵگرو ژێرخانی پشتیوانی.
هەروەها بانگەشەی ئەوە کرا کە ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێز دەکاتو خۆی بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر ئامادە دەکات، لەوانە هێرشی هاوکات لە بەرە جیاوازەکاندا.
بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل پێیانوایە کەلێنی نێوان لایەنەکانی ناو دانوستانەکان فراوانتر دەبێتو کات بۆ چارەسەری دیپلۆماسی تەواو دەبێت.