پەرلەمانتاری پێشوو عارف حەمامی، ئەمڕۆ دووشەممە (١٣ی نیسانی ٢٠٢٦)، ئاشکرایکرد کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی "یەکلاکەرەوە" ئەنجام بدەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی سیاسی، کە لە پێشەنگیاندا یەکلاکردنەوەی ناسنامەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێیە.
ئاوێنە: حەمامی لە لێدوانێکدا بۆ "بەغداد یەوم" وتی: "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی زۆرینەی سەرکردەکانی ڕیزی یەکەم کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن، بۆ تاوتوێکردنی مافی گەورەترین فراکسیۆن لە پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، کە ئەویش مافێکە دەستوور بۆ زۆرترین هێزی پەرلەمانی لە ڕووی ژمارەوە مسۆگەری کردووە".
حەمامی زیاتر وتی، "سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، تا ئەم ساتەش کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ ئەو پۆستە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەرەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەوانەیە ببنە کلیلی یەکلاکردنەوەی خاڵە هەڵپەسێردراوەکان و جێگیرکردنی ناوی کاندیدەکە بە شێوەیەکی فەرمی".
هەروەها ڕوونیکردەوە کە "هێزەکانی چوارچێوە بە هەموو ناوەکانەوە، سوورن لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ پێشکەشکردنی کاندیدەکەیان بە سەرۆک کۆمار، کە ئەویش لەلای خۆیەوە ئەرکی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری دەگرێتە ئەستۆ"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئاڵەنگارییەکانی قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت کە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەم مافە".
جێی ئاماژەیە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی شەممەی ڕابردوو و دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردبوو کە لە ماوەیەکی یاساییدا کە لە ١٥ ڕۆژ تێپەڕ نەکات، ناوی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکەن.