ترەمپ وەک عیسای مەسیح: من پاپایەکم ناوێت کە ڕەخنە لەسەرۆکی ئەمریکا بگرێت
  2026-04-13       582       

دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە وێنەیەکی خۆی دروستکردووەو لەپلاتفۆرمی (Truth Social) بڵاویکردەوە کە وەک عیسای مەسیح دەردەکەوێت، بەعەبایەکی سپی‌و سوورەوە، دەستی لەسەر ناوچەوانی کەسێکی نەخۆش داناوە کە لەسەر تەختی نەخۆشخانە پاڵکەوتووە، دەورە دراوە بەخەڵکانێکیش کە نوێژ دەکەن یان چاوەڕوانی موعجیزەیەک دەکەن، لەپاشخانەکەدا ئاڵای ئەمریکا، پەیکەری ئازادی، فڕۆکەی جەنگی، هەڵۆو چند شتێکی دیکە نەخشێنراوە، ترەمپ دەڵێت "من پاپایەکم ناوێت کە ڕەخنە لەسەرۆکی ئەمریکا بگرێت".

 

ئاوێنە: ترەمپ لەچەند کاتژمێری رابردوودا چەند پۆستێکی لەدژی پاپا لیۆ پازدەهەم، پاپای ڤاتیکان نووسیوەو تۆمەتباری دەکات بەپاڵپشتیکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران، بەدژایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا لەڤەنزوێلا لەمانگی یەکداو دیدار لەگەڵ هاوسۆزانی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.

ترەمپ بەپاپا لیۆ دەڵێت "واز لەخزمەتکردنی چەپی توندڕەو بێنە".

دەشڵێت "من پاپایەکم ناوێت کە ڕەخنە لەسەرۆکی ئەمریکا بگرێت، چونکە من بەتەواوی ئەو کارە دەکەم کە هەڵبژێردراوم، بەزۆرینەی ڕەها، کە ئەمەش کەمکردنەوەی تاوانە بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی و دروستکردنی گەورەترین بازاڕی بۆرسەیە لەمێژوودا".

ترامپ جەغت لەوەش دەکات کە "لیۆ پێویستی بەوەیە بێتەوە هۆشی خۆی، عەقڵی ساغ بەکاربهێنێت، واز لەخزمەتکردنی چەپی ڕادیکاڵ بهێنێت‌و سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە پاپایەکی گەورە بێت نەک سیاسەتمەدار".

چەند کاتژمێرێک پاش بلاوکردنەوەی ئەم پۆستەی کە وەک عیسای مەسیح دەردەکەوێت‌و رەخنەیەکی فراوانی لێکەوتەوە، ترمپ پۆستەکەی سڕییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×