ئۆپێک: بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق 61% دابەزیوە
  2026-04-13       207       

 وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) رایگەیاند کە "بەرهەمهێنانی نەوت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمانگی ئازاردا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقیش بەڕێژەی  61% دابەزیوە.

 

ئاوێنە: ئۆپێک ڕۆژی دووشەممە (١٣ی نیسان) رایگەیاند "عێراق زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەرهەمهێنان بەڕێژەی 61% دابەزیوە، لە مانگی شوباتدا 4.2 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە لەڕۆژێکدا، بەڵام لەمانگی ئازاردا بۆ یەک ملیۆن‌و 600 هەزار دابەزیوە.

هەروەها کوێت (-53%)و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (-44%) دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە، بەرهەمهێنان بەڕێژەی 23% دابەزیوە، لە 10.1 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا دابەزیوە بۆ 7.8 ملیۆن بەرمیل.

ئێستا ڕیاز بۆ رێڕەوی گواستنەوەی نەوتی لەکەنداوەوە بۆ دەریای سوورو پشت بەبۆرییەک دەبەستێت کە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەڕۆژئاوا دەبەستێت. بەڵام ئەم بۆرییە – کە توانای ٧ ملیۆن بەرمیلی لەڕۆژێکدا هەیە – لەم دواییانەدا لەلایەن ئێرانەوە هێرشی کرایە سەرو توانای کەمکردەوە بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.

بە گشتی بەرهەمهێنانی ئۆپێک لەچاو مانگی شوبات بەڕێژەی 27% دابەزیوە، لە 28.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 20.8 ملیۆن بەرمیل. وڵاتانی کەنداو دوای ئەوەی بەهۆی شەڕەوە نەیانتوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکەن، بەرهەمەکانیان کەمکردەوە.

لە هەمان کاتدا ئاستی بەرهەمهێنانی ئێران بەشێوەیەکی کەمتر دابەزیوە، نزیکەی 5%ە، لە 3.24 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا دابەزیوە بۆ 3.06 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەپێی ئامارەکانی ئۆپێک، وڵاتەکەش لەکاتی شەڕدا بەردەوام بووە لەهەناردەکردنی لە ڕێگەی گەرووەکەوە.

بەڵام ئێستا تاران ڕووبەڕووی گەمارۆی دەریایی دەبێتەوە دوای ئەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا شکستی هێنا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە هێزی دەریایی کرد، لە کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە بەکاتی واشنتۆن، هەموو هاتوچۆی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران و هاتنەوە، ڕێگری بکات.

نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، گرێبەستەکانی نەوتی خاوی ئەمریکای وێست تەکساس ئینتەرمیدێت بۆ گەیاندنی مانگی ئایار دەگەڕێتەوە سەرووی 100 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا برێنت نێودەوڵەتی بۆ مانگی حوزەیران نزیکەی 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×