پێکدادانێکی بێ وێنە: بۆ یەکەمجار لەمێژوودا سەرۆکێکی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر پاپایەک، بەڵام بۆچی؟
  2026-04-13       530       
پاپا لیۆی چواردەهەم - دۆنالد ترەمپ

ئا: ئاوێنە

 

لەهەنگاوێکی بێ وێنەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر پاپا لیۆی چواردەهەم، بەهۆی پەرەسەندنی ڕەخنەکانی شەڕی ئێران‌و لوبنان لەلایەن یەکەم پاپای ئەمریکییەوە لەمێژوودا.

 

ئەم پێکدادانە پێشینەیەکی دەگمەنە لەپەیوەندییەکانی نێوان کۆشکی سپی‌و ڤاتیکان، ئەمەش پرسیار لەبارەی کاریگەریی سیاسی لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوە ئایینییەکان لەسەردەمی گرژییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کۆشکی سپی‌و پاپای ڤاتیکان ڕووی نەداوە. جۆرج بوش، ڕەخنەی جۆن پۆڵی دووەمی لەعێراق بەرز نرخاند. ترەمپ خۆی لەیەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لەگەڵ پاپا فرانسیس مشتومڕێکی زۆری هەبوو، کە ئەو کەسانەی بەغەیرە مەسیحی ناوزەد کردبوو کە دیواریان بۆ وەستاندنی کۆچبەران دروستکردووە (وەک ئاماژەیەک بەدیواری نێوان ئەمریکاو مەکسیک)، بەڵام هەرگیز ئەوە ڕووی نەدابوو کە سەرۆکێکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر پاپایەک.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە هات کە پاپا بەئاشکرا ڕەخنەی لەشەڕی ئێران‌و لوبنان گرت. لەهەفتەی رابردوودا پاپا لیۆ هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ لەناوبردنی ئێران بەشتێکی قبوڵنەکراو ناوبرد. ئێوارەی شەممە پاپا نوێژی ئاشتی ئەنجامداو وتی "نوێژ بەربەستێکە لەبەردەم ئەو وەهمانەی کە شەڕانگێز بوون، عیسای مەسیح پاشای ئاشتتە نەک شەڕو کوشتار".

ئەمە لەکاتێکدایە کە پرۆستانتە توندڕەوەکانی ئەمریکا کە بەشێک لەئەندامانی ئیدەرەی ئێستای ئەمریکی سەر بەو رەوتەن، وەک وەزیری بەرگری‌و وەزیری دەرەوە، وەک ئەرک‌و فەرمانێکی خودا لەشەری دژ بەئێران دەڕوانن، بەڵام سەرکردەی کاسۆلیەکەکانی جیهان، پاپای ڤاتیکان بەتوندی رەخنەی لەوە گرتووە کە مەسیح‌و ئایینی مەسیحی وەک ئامڕازێک بەکاربهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوەی شەڕ. 

لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەواڵێک بڵاوبووەوە کە دوای وتارەکەی پاپا، کە ڕایگەیاندبوو "جەنگ گەڕاوەتەوە بۆ مۆد"و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئیدانە کرد، کاردیناڵ کریستۆف پیێر لەلایەن پنتاگۆنەوە بانگهێشت کراو توڕەیی خۆیان بەرامبەر بەو قسانەی پاپا دەربڕی.

ترەمپ لە کاردانەوەی خۆیدا پاپا لیۆی چواردەهەمی بە"لاواز"و "ناکارامە لەسیاسەتی دەرەوە" وەسف کرد، هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی کە پرسگەلێکی گرنگی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ کڵێساکان‌و باوەڕداران لە کاتی پەتای کۆڤید-19 پشتگوێ خستووە.

سەرۆکی ئەمریکا لەڕەخنەکانیدا زیاتر پێی لێڕاکێشاو ڕایگەیاند کە پاپایەکی ناوێت کە بەرگەی تەیارکردنی ئێران بەچەکی ئەتۆمی بکات، یان ڕەخنە لەکردەوەکانی ئەمریکا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پاپا سەرنجی لەسەر ڕۆڵی ڕۆحی خۆی بێت نەک لەسەر سیاسەت.

ترامپ لەلێدوانەکانیدا هەروەها باسی لەبرای پاپا، لویس کردووەو بەنزیکتر لەبۆچوونەکانی خۆی و بزووتنەوەی ماگا وەسفی کردووە، هاوکات بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەڵبژاردنی لیۆی چواردەهەم وەک پاپا شتێکی چاوەڕواننەکراو بووەو بە وردی پەیوەستە بەبنەچەی ئەمریکییەوەو وتی "ئەگەر من لەکۆشکی سپی نەبوایە لیۆن لەڤاتیکان نەدەبوو".

لەبەرامبەردا، سەرۆکی کۆنفرانسی قەشەکانی کاسۆلیکی ئەمریکا، پاوڵ ئێس کۆکلی، کاردانەوەی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو زمانەی ترەمپ بەکاریهێناو وتی "پاپا ڕکابەرێکی سیاسی نییە، بەڵکو نوێنەری مەسیحە کە بەناوی ڕاستییەوە قسە دەکات و گرنگی بەخەڵک دەدات".

هەروەها کەسایەتییەکانی دیکەی کەنیسە کاردانەوەیان هەبوو، ڕەخنەیان لە تۆنی سەرۆکی ئەمریکا گرت و جەختیان لەڕۆڵی ئەخلاقی پاپا کردەوە لەسەردەمی ململانێی جیهانیدا.

کۆنفرانسی ئەسقەفەکانی ئیتالیا، لەکاردانەوەیەکی فەرمیدا، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەهەم دەربڕی و وەبیریهێنایەوە کە پاپا لیۆ چواردەهەم کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو سەرکردەیەکی ڕۆحییەو بەرگری لەئاشتی و دیالۆگ و کەرامەتی مرۆڤ دەکات. 

بەڵام ترمپ تا ئەمڕۆش لەسەر هێرشەکانی لەدژی پاپای ڤاتیکان بەردەوام بوو، وتی "پەشیمان نیم لەو قسانەی بەرامبەر بەپاپا لیۆ کردومە"و پاپای بەکەسێکی "لاواز"و پشیتوانی "رەوتە چەپڕەوەکان" وەسف کرد. 

لەبەرامبەریشدا، پاپا لیۆ لەدوا لێدوانیدا سەبارەت بەرەخنەکانی ترەمپ، وتی "ناچمە ناو مشتومڕەوە لەگەڵیداو بەردەوام دەبم لەقسەکردن بەدەنگی بەرز دژی شەڕەکە".

وتیشی "باوەڕناکەم پەیامی ئینجیل بەو شێوەیەی کە هەندێک کەس دەیکەن، شەڕەنگێزیی بێت، من بەردەوام دەبم لەقسەکردن بەتوندی دژی شەڕ، هەوڵدەدەم ئاشتی و دیالۆگ و پەیوەندی فرەلایەنەی نێوان دەوڵەتەکان بەرەوپێش ببەم، بە مەبەستی گەڕان بەدوای چارەسەری دادپەروەرانە بۆ کێشەکان. ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر لەجیهاندا ئازار دەچێژن. زۆر کەسی بێتاوان دەکوژرێن. پێموایە کەسێک پێویستە هەستێتەوە و بڵێت ڕێگەیەکی باشتر هەیە، پەیامی کڵێسا، پەیامی من، پەیامی ئینجیل: خۆشبەختن ئاشتیخوازان. من ڕۆڵی خۆم وەک رۆڵی سیاسەتمەدارێک نابینم‌و هەموو هەولێکم بۆ بەدیهێنانی ئاشتییە نەک شەڕ"

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×