ئا: ئاوێنە
ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی دووشەممەوە ڕێگری لەهاتنو چوونی کەشتیوانی بۆ ئێران ئێران دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکانی جیهان هەبێت و هەروەها کاریگەری دیپلۆماسیشی هەبێت.
چۆن گەمارۆکە دەستیپێکرد؟
دوای شکستی دانوستانەکانی ئاشتی لەئیسلام ئاباد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەمریکا "دەست بەپرۆسەی رێگرییکردن لەهەر کەشتییەک دەکات کە هەوڵی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لەگەرووی هورمز بدات".
بەڵام دواتر فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە ئەو گەمارۆیە تەنیا کاریگەری لەسەر ئەو کەشتییانە دەبێت کە بەرەو ئێران دەچن یان لەئێرانەوە دێن، لەهەموو بەندەرەکانی ئێران. کەشتییە ئەمریکییەکان ڕێگریی لەو کەشتییانە ناکەن کە بەرەو وڵاتانی دیکە دەڕۆنو بەگەرووەکەدا تێپەڕن.
سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران لەوەڵامدا هۆشداری دا کە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لەلایەن کەشتییە سەربازییەکانەوە بۆ ناوچەکە وەک پێشێلکردنی ئاگربەست سەیردەکرێتو "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەو توند مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
سوپای پاسداران هۆشداریدا لەوەی ئێران دەتوانێت تەقە لەکەشتییەکان بکات لەکەنداو یان لەژێرخانی وزەی ئەو وڵاتانەی میوانداری هێزەکانی ئەمریکا دەکەنو رایگەیاند "هیچ بەندەرێک سەلامەت نابێت ئەگەر بەندەرو دەروازەکانی ئێران بخرێنە مەترسییەوە".
کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆیشتنی نەوت چین؟
ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، دەبێتە هۆی لابردنی بڕێکی بەرچاو لەنەوت لە بازاڕی جیهانیدا. ئێران لەمانگی ئازاردا نزیکەی ملیۆنێکو ٨٤ هەزار بەرمیل نەوتی لەڕۆژێکدا هەناردە کردووە، لەمانگی نیساندا هەناردەکردنی نزیکەی ملیۆنێکو ٧١ هەزار بەرمیل بووە لەڕۆژێکدا.
بەرهەمهێنانو هەناردەکردنی نەوت لەکاتی شەڕیشدا لەئێران پەکی نەکەوتووەو دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەسەر کەشتیەکان بارکراوە.
چی بەسەر وڵاتانی تری کەنداودا دێت؟
کەشتیوانی لەگەرووی هورمز تا ئەندازەیەک بەداخراوی ماوەتەوە، سەرەڕای ئاگربەستی ئەمدواییە. زۆرێک لەکەشتییەکان خۆیان لە تێپەڕین بەگەرووەکە بەدوور دەگرن، لەکاتێکدا هەندێک لەو کەشتیانەی هەوڵی تێپەڕینیان داوە یان گەڕاونەتەوە دواوە یان لەنگەریان گرتووەو هێشتا نەجوڵاون.
بەڵام ژمارەیەکی سنووردار لەکەشتییەکان لەجوڵەدان، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بارکردن لە وڵاتانی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیو کوێتەوە.
کام هاوردەکار زۆرترین کاریگەری لەسەرە؟
پێش ململانێکان چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران بوو، لەکاتێکدا هیندستان لەم دواییانەدا هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی دەستی پێکردەوە.
بەگشتی، نزیکەی 20%ی هەناردەکردنی نەوتو غازی جیهانی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، کە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئاسیا بووە – ڕاستییەک کە گەورەیی کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی نیشان دەدات.
کاریگەری دیپلۆماسی چییە؟
رێگرییکردن لەو کەشتیانەی کە ئاڵای ئێرانیان پێوەنییە، بەڵکو ئاڵای هیندستان یان پاکستانیان لەسەرە، چی ڕوودەدات؟ هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لەکەشتییەکانی چین کە توانیویانە بەو شوێنەدا تێپەڕنو ئێستا رێگەیان پێنەدەن؟
رێگرییکردن لەکەشتی لەڕووی تەکنیکییەوە بەکردەوەیەکی شەڕ دادەنرێت و لەهەر حاڵەتێکدا بە کردەوەیەکی زۆر دوژمنکارانە دادەنرێت. کاردانەوەی دیپلۆماسی دەتوانێت زۆر گەورە بێت.
بەپێی شیکارییەکی بی بی سی، هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێشینەیەک دادەنێت کە لەدەریای باشووری چیندا لێکەوتەی دەبێت، کە چین لە پەیوەندی لەگەڵ تایواندا بەردەوام بۆ بیانوو دەگەڕێت.
ترەمپ ڕایگەیاندووە کە "هەر کەسێک لەڕێگەی نایاسایی بدات، ڕێگەی سەلامەتی نابێت." بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لەوە کراوە کە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار بۆ تێپەڕین بەسەلامەتی دەسەپێندرێت – کە سەرچاوەیەکی بەرچاوی داهاتە بۆ ئێران.
ئایا دەتوانرێت ئەم گەمارۆیە جێبەجێ بکرێت؟
ئەو ئۆپەراسیۆنە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە مەترسییەکی بەرچاوەوە، بەپێی شیکارییەک لەبی بی سی.
کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لەنزیک کەناراوەکان، لەدەرەوەی بەندەرەکان نامێننەوە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەجێ رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک یان بەلەمی خێرا "کامیکاز" ببنەوە.
بەڵکو پێدەچێت ئەمریکا پشت بەداتای مانگی دەستکردو سەرچاوە هەواڵگرییەکانی دیکە ببەستێت بۆ ئەوەی بزانێت کام کەشتی بەندەرەکانی ئێرانیان بەجێهێشتووەو کێ خاوەندارێتی دەکات.
تەنانەت ئەگەر سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکان (AIS) لەکاربخرێت، ئەوا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کە لەدوورییەکی تاڕادەیەک سەلامەت لەکەنداوی عومان کاردەکەن دەتوانن لەکاتی ڕۆشتنیاندا بیانبیننو ڕێگرییان لێبکەن.
بەڵام ئێران ئەم هەڕەشەیە بەکردەوەی "چەتەی دەریایی" ناودەبات، تۆمەتێک کە خۆی قبوڵی کردووە بۆ سنووردارکردنی هاتووچۆ بەناو گەرووی هورمزدا. کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەبەندەرەکانی دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێی کەنداو کردووە.
لەهەمانکاتدا پرسی هاوپەیمانەکانی ئێران وەک چینو ڕوسیا هەیە. ئایا ئەمریکا ئامادە دەبێت سواری کەشتییەک یان بارێکی بەرژەوەندی چینی بێتو دەستی بەسەردا بگرێت؟
چی ڕوودەدات ئەگەر چین کە بنکەیەکی سەربازی لەنزیکەوە لەجیبۆتی هەیە، بڕیار بدات کەشتیەکانی بەپاراستنی چەکداری دەریایی یاوەری بکات؟
کاردانەوەکان چین؟
زۆرێک لەوڵاتان، لەوانەش چینو تورکیا، داوای کردنەوەی ئەم ڕێڕەوی دەریاییەیان کردووە کە لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە.
ڕوسیا ڕەخنەی لەڕاگەیاندنی ئەمەریکا گرتووە بۆ سەپاندنی گەمارۆی گەرووی هورمزو هۆشداریشی داوە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە چ کاریگەرییەکی نەخوازراوی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، تا ئێستا زۆرێک لەلایەنەکانی ئەو پێشنیازە ناڕوونە.
لای خۆیەوە فەرەنسا بەمزووانە بە هاوکاری لەگەڵ بەریتانیا کۆنفرانسێک ڕێکدەخات کە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانییە لەگەرووی هورمز، ئیمانوێل ماکرۆن ئەمڕۆ وتی "هەر ئەرکێکی دەریایی لەو جۆرە تەنها بەرگریکارانە دەبێت".
لە هەمانکاتدا وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە گفتوگۆیان لەسەر دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەئیسلام ئاباد کرد، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای دانوستانەکانی کۆتایی هەفتە هات کە نەیتوانی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکە بەرهەم بهێنێت و ئاگربەستێکی ناسک و دوو هەفتەیی خستە مەترسییەوە.
ئایا چارەسەری ئەو چەقبەستووە دەکات؟
تۆنی هەڕەشەئامێزی ترەمپ بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان زیاد دەکات، لەکاتێکدا دڵنیا نییە کە مەرجە بنبەستە بنەڕەتییەکان دەگۆڕێتو وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری سەرەکی ناداتەوە، بەپێی وەڵامێک بۆ بی بی سی لە واشنتۆنەوە.
ئایا ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی مین مەترسییەکانی سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەهێرشەکانی ئێران زیاد دەکەن یاخود کەم دەکەنەوە؟
ئەمریکا چۆن دیاری دەکات کە کێ "مین"ی داوە بە ئێران؟
ئایا ئەمریکا هێز لەدژی ئەو کەشتیانەی کە ئاڵای بیانییان لەسەرەو گەمارۆکە پشتگوێ دەخەن بەکاردەهێنێت؟
ئەو وڵاتانەی وابەستەن بەنەوتی ئێران، وەک چین، چۆن کاردانەوەیان دەبێت؟
ئایا ئەو هەنگاوە کە ئامانج لێی بێبەشکردنی ئێرانە لەسەرچاوە سەرەکییەکەی داهاتەکەی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت؟
سیناتۆر مارک وارنەر لە ویلایەتی ڤێرجینیا، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی پیران ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن وتی "تێناگەم چۆن گەمارۆی بەندەرەکانو ڕێگریکردن لەگەرووەکان دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بکرێتەوە!".
لە بەرنامەی سی بی ئێسدا، مایک تۆرنەر، نوێنەری کۆمارییەکان لەویلایەتی ئۆهایۆ، کە تا ساڵی ڕابردوو سەرۆکایەتی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد، ڕایگەیاند، گەمارۆکە ئامرازێکە بۆ فشارکردن بۆ گەیشتن بەچارەسەرێک بۆ قەیرانی هورمز.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆککۆمار بە وتنی ئەوەی ناهێڵین ئێران بڕیار بدات کێ تێدەپەڕێت، لەبنەڕەتدا بانگهێشتی هەموو هاوپەیمانەکانمان دەکات بۆ سەر مێزەکەو ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە پێویستی بە چارەسەرکردنە".