شارەزایەکی ئیسرائیلی ئەنقەرە بەبنیاتنانی میحوەرێکی بەدیل بۆ ئێران تۆمەتبار دەکاتو بەهەڕەشەیەکی ستراتیژی پەرەسەندوو بۆ سەر ئیسرائیل ناوی دەباتو دەڵێت "تورکیا، ئێرانی نوێیە".
ئاوێنە: یۆنی بن مێناخم، شارەزای ئیسرائیلیو توێژەری ناوەندی ئورشەلیم بۆ ئاسایش و کاروباری دەرەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە "تورکیا وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل لەسەرهەڵداندایە".
بن مێناخم ڕایگەیاندووە "ئەو لێدوانانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پلانێکی ڕێکخراوە بۆ بنیاتنانی میحوەرێکی نوێی سوننە کە بتوانێت جێگەی ڕۆڵی ئێران لەناوچەکەدا بگرێتەوە".
ئەم توێژەرە وتی "ئەنقەرە بەهێمنی کار بۆ دامەزراندنی میحوەرێکی نوێی سوننە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەی کە ڕژیمی ئێران لاواز دەبێت یان تەنانەت دادەڕوخێت"، بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست.
لەبەرامبەردا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە "بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵدەدات تورکیا بە "دوژمنی نوێ" لە دوای ئێران بناسێنێت.
ڕاشیگەیاند کە “ئیسرائیل ناتوانێت دوای ئێران بەبێ دوژمن بژی”و ئاماژەی بەوەدا کە “ناتانیاهۆ بەدوای ئەوەوەیە تورکیا وەک دوژمنی نوێی ئیسرائیل بناسێنێت”.