لەسەر لێواری هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر لە ناوچەکە، سوپای پاسدارانی ئێران توندترین هۆشداریی ئاڕاستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات. بەرپرسانی سەربازی تاران ڕایدەگەیەنن، لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان، پەنا بۆ چەک و تاکتیکێک دەبەن کە "لەدەرەوەی توانای ڕووبەڕوبوونەوەی نەیارەکانیانە".
ئاوێنە: حسێن محەبی، وتەبێژی نوێی سوپای پاسداران، لە پەیامێکی تونددا ڕایگەیاند: "تاران خاوەنی کۆمەڵێک توانای سەربازیی نادیار و نهێنییە کە تائێستا ئاشکرای نەکردوون." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، ئێران پەردە لەسەر جۆرە تەکنەلۆژیایەکی سەربازی لادەبات کە "دوژمن تەنانەت خەیاڵیشی بۆ نەکردووە" و شێوازی نوێی شەڕکردن پەیڕەو دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، عەمید محەمەد کەرەمی، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، جەختی لە ئامادەیی هێزەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، قەڵغانێکی ئەمنیی فرەچەشن لە دەوری سنوورەکان دروستکراوە. کەرەمی وتی: "خاکی ئێران دەبێتە زیندان و زۆنگاو بۆ هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی."