ئیسلام ئاباد یان جنێف؛ هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی نوێی واشنتۆن و تاران چڕ دەبنەوە
  2026-04-14       127       

بەپێی ئەوەی دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، پاکستان پێشنیاری کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو و پێش کۆتایی هاتنی وادەی ئاگربەست، ئیسلام ئاباد میوانداری گەڕی دووەمی وتووێژەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بکات.

ئاوێنە: ​ئەو دوو بەرپرسە کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناویان قسەیان بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە کردووە (چونکە ڕێگەیان پێنەدراوە لێدوان بۆ میدیاکان بدەن)، ئەمڕۆ سێشەممە ڕوونیان کردەوە کە ئەم پێشنیارە بەندە بەوەی ئایا هەردوولا داوا دەکەن دیدارەکە لە شوێنێکی جیاواز بێت یان نا.

​هاوکات یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە گەڕی یەکەم بێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، بەڵام ئەو وتووێژانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی بەردەوام و تەنها هەوڵێکی یەکجارەکی نین.

​لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتکارێکی وڵاتە ناوەندگیرەکان هەنگاوێک زیاتر ڕۆیشت و ڕایگەیاند کە تاران و واشنتۆن ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەم. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێشتا ڕوون نییە ئایا وەفدەکان لە هەمان ئاستی پێشوو بەشداری دەکەن یان نا.

​ئیسلام ئاباد یان جنێف

​سەبارەت بە شوێنی ئەنجامدانی گەڕی چاوەڕوانکراو، ئەو دیپلۆماتکارە و دوو بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕایانگەیاند کە گفتوگۆ هەیە لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ببێتە شوێنی میوانداری وتووێژەکان. بەڵام بەرپرسەکان ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە جنێفیش وەک بژاردەیەک خراوەتە ڕوو.

​ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە بەرپرسێکی ئەمریکی دوێنێ دووشەممە جەختی کردەوە کە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئێراندا هەیە و پێشکەوتن لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەدی دەکرێت. هەروەها شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ڕاگەیاند.

​لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران دوێنێ پەیوەندی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کردووە و ئارەزووی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نیشانداوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ڕازی نابێت بە هیچ ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بە تاران بدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

​هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی گەورەی لە وتووێژەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەدەستهێناوە و وتی: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێرانییەکاندایە."

​جێی وەبیرهێنانەوەیە کە گەڕێکی وتووێژە ڕاستەوخۆ سێ قۆڵییەکان (ئەمریکا، ئێران و پاکستان) ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای جەنگێک کە ٤٠ ڕۆژی خایاند. بڕیار وابوو وتووێژەکان تا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بن، بەڵام دوای زیاتر لە ٢١ کاتژمێر لە دانوستان، ڤانس ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن نەکراوە و تاران داواکارییەکانی ئەمریکای جێبەجێ نەکردووە.

​لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وابوو کە دانوستانەکان ئەرێنی بوون و لە زۆر خاڵدا لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بەڵام هەندێک پرس هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە بەهۆی ئەوەی تاران بە "داواکارییە توندەکانی ئەمریکا" ناوی بردن.

​لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە بڕیاری دا گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر کەشتییە ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×