محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ٣٨ەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی گەلی کورد، جەختی لەسەر بەهێزبوونی گیانی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکانی ئێستای عێراق کردەوە.
ئاوێنە: سودانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یادە خەمێکی قووڵ و ئازارێکی گەورە دەهێنێتەوە یاد، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو و باندە تاوانبارەکانی دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئەنجامیان دا. وتیشی: "پێش زیاتر لە سێ دەیە، گەلی کوردی ئاشتیخواز لە شار و گوندەکاندا ڕووبەڕووی قێزەونترین شێوازی کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە کە دوور بوو لە هەموو بەها مرۆیی و یاساییەکان."
سەرۆکوەزیران لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، جیاوازیی نێوان ڕابردوو و ئێستای عێراقی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ یادکردنەوەی ئەو شاڵاوە تاوانکارییە، شانازی بە یەکڕیزیی وڵاتەکەمان و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانەوە دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا عێراق لە سایەی سیستمێکی دیموکراسی و دەستووریدایە کە تێیدا هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی و بە شکۆمەندییەوە دەژین.
شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی جینۆساید لە سەدەی بیستەمدا، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن و سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید (کیمیایی) ئەنجامدرا. ئەم شاڵاوە کە لە ٨ قۆناغ پێکهاتبوو، بووە هۆی شەهیدکردنی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوانی کورد و وێرانکردنی هەزاران گوند لە باشووری کوردستان.