چین گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێرانی بە کارێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە وەسف کرد، و جەختی لەوە کردەوە کە ڕاگەیاندنی ئاگربەست تەنها چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان.
ئاوێنە: گو جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و بەهێزکردنی کۆبوونەوە سەربازییەکانی ئەمریکا، گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.
ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و سەپاندنی گەمارۆیەکی ئاراستەکراو، تەنها دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و لاوازکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ناسک، و مەترسی زیاتریش بۆ سەر سەلامەتی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا دروست دەکات.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە دابینکردنی چەک لەلایەن چینەوە بۆ ئێران دەکەن، تەنها بوختان و درۆن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد کە چین داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە ئاگربەست بگرن و پابەندی گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئاشتی بن، هەروەها هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی گەشتی ئاسایی دەریایی لە گەرووەکەدا لە زووترین کاتدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای کۆتایی هاتنی خولێکی دانوستانەکان لە پاکستان بێ گەیشتنە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو لایەندا و لە نێوان تۆمەتبارکردنی یەکتردا، دەستی بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران کردبوو.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، دوێنێ دووشەممە زیاتر لە ١٥ کەشتیی جەنگی ئەمریکی بۆ گەمارۆدانی دەریایی ئێران جێگیرکراون، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی کردنەوەی گەرووی هورمز دەدات کە ئێران لە وەڵامی جەنگی واشنتۆن و تەلئەبیب دژی وڵاتەکەی کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژی خایاند، دایخستبوو.