دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی داوای قەرەبووی شەڕ لە پێنج وڵاتی ناوچەکە دەکات و تۆمەتباریان دەکات بەوەی هاوکاری سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووە لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر خاکەکەی.
ئاوێنە: ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی داوای قەرەبووی دارایی لە هەر یەکە لە وڵاتانی (عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، بەحرەین، ئوردن و قەتەر) دەکات. ئیرەوانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم وڵاتانە بە کردنەوەی کایەی ئاسمانی خۆیان و ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانیان، بوونەتە بەشێک لەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخانی ئێران کەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"، باڵیۆزەکەی ئێران جەختی کردووەتەوە کە ئەو پێنج وڵاتە دەبێت "باری دارایی ئاوەدانکردنەوە" بگرنە ئەستۆ و بەشدار بن لە تێچووەکانی چاککردنەوەی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی ململانێکانەوە دروست بووە. ئیرەوانی دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی ئاسانکارییان بۆ هێرشەکان کردووە، بەرپرسیارن لە ئەنجامەکان و دەبێت قەرەبووی زیانەکان بدەنەوە."
هاوکات لەگەڵ ئەم فشارە دیپلۆماسییانە، بانکی ناوەندی ئێران خەمڵاندنێکی سەرەتایی بۆ زیانەکان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، چاککردنەوەی ژێرخانە ستراتیژییەکانی وەک پاڵاوگەکانی نەوت و سیستەمی گواستنەوە و گەیاندن، پێویستی بە زیاتر لە ١٢ ساڵ کارکردنی بەردەوام و بودجەیەکی زەبەلاح هەیە.
ئەم داواکارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد، بە قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوەی تاران کاردانەوەی توندی ئەو وڵاتانەی لێبکەوێتەوە.