پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، فرۆشتنی بەنزین بە جلیکانە و لەسەر شەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
ئاوێنە: ئەمرۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ئەنجومەنی بەنزینخانەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکانی قائیمقامیەتی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بۆ ڕێکخستن و ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە کۆنتڕۆڵی کۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێکی زۆر باش بکرێت”.
جەختیشی لە نەهێڵانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکانی بەنزینخانەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک فرۆشتنی بەنزین بە جلیکان و لەناو ئۆتۆمبێلەکان و لەسەر شەقامەکان ڕێگەپێدراو نییە.
ئومێد خۆشناو هۆشداریشیدا کە هەر لایەن و کەسێک بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەک بەنزین بفرۆشێت، ڕێکاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.