گاردیان: ئێران ئەوروپا وەک ئامرازێکی فشار دژی ئەمریکا بەکاردەهێنێت
  2026-04-14       179       

ڕۆژنامەی گاردیان ڕۆژی سێشەممە ١٤ی نیسان نووسیویەتی کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئامانجی زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئەمریکا بۆ پێدانی ئیمتیازی زیاتر، پایتەختە ئەورووپییەکانی لەو پێشنیازە ئاگادار کردووەتەوە کە تاران لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد سەبارەت بە یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بە ڕێژەیەکی بەرز و بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووی هورمز خستوویەتە ڕوو.

ئاوێنە: بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای دانوستانە بێ ئەنجامەکان لە پاکستان، عێراقچی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژان نۆیڵ بارۆ و یۆهان ڤادەفول، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەروەها لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی، عومان و قەتەر ئەنجامداوە و ڕوونکردنەوەی پێداون.

دیپلۆماسیی نوێی تاران دوای بنبەستی ئیسلام ئاباد

بە وتەی ئەم ڕۆژنامە بەریتانییە، عێراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران پرۆسەی دانوستانەکان بە نێوەندگیری پاکستان، تەنانەت دوای ٢١ کاتژمێر گفتوگۆی چڕیش، بە کۆتایی هاتوو نازانێت.

لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە زیاتر لە ساڵێک لەمەوپێشەوە ئەورووپای لە دۆسیەی ئێران دوورخستووەتەوە. ئەو سەرنجی خستە سەر هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و تارانیش بە گشتی حکومەتە ئەورووپییەکانی وەک پاشکۆی هەمیشەیی ئەمریکا پشتگوێ خست.

بەڵام نیشانەکانی قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا و فشارە توندەکان بۆ سەر ئابوورییەکانی ئەورووپا، وایکردووە کە ئێران پێداچوونەوە بە تێڕوانینی خۆی بۆ ئەورووپا وەک ئامرازێکی فشاری شاراوە دژی ترەمپ بکات.

ئەورووپا؛ لە پەراوێزخستنەوە بۆ ئامرازی فشار

وڵاتانی ئەورووپی، لە وەڵامی داواکارییەکەی ترەمپ سەبارەت بە پشتیوانی سەربازی لە شەڕی دژی ئێران، سەرنجیان خستووەتە سەر دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دەریایی بەرگری و ناهێرشبەرانە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانەیان بۆ دوای کۆتایی هاتنی ململانێکان دواخستووە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ڕایگەیاندووە کە کۆنفرانسێکی دیکەی هاوبەش لەگەڵ بەریتانیا بۆ تاوتوێکردنی ئەم پلانە لەگەڵ هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت، کە دەبێتە سێیەمین کۆبوونەوەی لەم جۆرە لە کاتی دەستپێکردنی ئەم دەستپێشخەرییەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش، هەر پلانێک لەم بوارەدا پێویستی بە گفتوگۆ لەگەڵ تاران دەبێت، لەوانەش سەبارەت بە بەرنامەکەی بۆ وەرگرتنی باجی تێپەڕین.

بە ڕاپۆرتی گاردیان، ئێران لە ماوەی کورتدا لەو وڵاتانەی کە ئامێری مین هەڵگرتنەوەیان هەیە، لەوانەش ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیتاڵیا، داوا دەکات تا لە بەرامبەر فشاری واشنتن بۆ دەستپێکردنی پاککردنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز خۆڕاگری بکەن، چونکە تاران ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردن لە گەمارۆدانی بەندەرە نەوتییەکانی خۆی لەلایەن ترەمپەوە دەبینێت.

پاککردنەوەی ئەم مینانە کە بە شێوەیەکی سەرەکی نەخشەیان بۆ نەکێشراوە، تەنانەت لە بارودۆخی ئاساییشدا مەترسیدارە. ئەگەر بڕیار بێت ئەم پاککردنەوەیە لە ژێر هێرشی درۆنەکانی ئێراندا ئەنجام بدرێت، زۆر مەترسیدارتریش دەبێت. وەزیرە بەریتانییەکان ڕایانگەیاندووە کە پرسی مینەکانی ئێران لە کۆنفرانسی هاوبەشی فەرەنسا و بەریتانیادا تاوتوێ دەکرێت.

سەبارەت بە ئیتاڵیا، هێرشەکەی ترەمپ بۆ سەر پاپا و هەروەها شکستی ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا، دۆخەکەی بۆ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ڕاستڕەوی ئەم وڵاتە، لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارتر کردووە و قبوڵکردنی فشاری ئەمریکای بۆ قورس کردووە. پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ترەمپ و پشتیوانییەکانی لە ئیسرائیلیش ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.

گەرووی هورمز؛ لە گۆڕەپانی گرژییەوە بۆ ئامرازی سەودا و مامەڵە

تاران هێشتا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسا و بەریتانیا ڕانەگەیاندووە، چونکە هێشتا ڕوون نییە کە ئەم پلانە بە وردی چی لەخۆ دەگرێت و بەرنامەی درێژخایەنی ئێران بۆ گەرووی هورمز چ پێداویستییەکی دەبێت؛ لەوانەش ئەوەی کام کەشتییانە دەبێت باج بدەن و ئەم پارەدانە دەبێت لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی، بە چ ڕێژەیەک و بە چ دراوێک بێت.

پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شوورای ئیسلامی) پێشنیاز دەکات کە باجە نوێیەکان تەنها کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو هاتوچۆیەکی بازرگانی دەگرێتەوە. هەروەها ئەم ئەگەرەش لە ئارادایە کە ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا، داوای پێدانی باجەکان بە شێوەی دراوی دیجیتاڵی بکات. گەرووی هورمز بە تەنها لە سەدا ١١ی بازرگانی دەریایی جیهان و یەک لەسەر سێی ئەو نەوتەی کە لە ڕێگەی دەریاییەوە دەگوازرێتەوە، پێکدەهێنێت.

ئەو وەزارەتەی کە لەلایەن عێراقچییەوە بەڕێوەدەبرێت کە ساڵی ڕابردوو ڕەخنەی توندی لە سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا گرت بەهۆی کاراکردنی میکانیزمی پەلەپیتکە (Snapback) و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا شایەدی قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان ترەمپ و ئەورووپایە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ناکۆکی و کەلێنە، بەرفراوان بووە بۆ پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر بە ناتۆ و هەروەها پرسی وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بۆ ئاگربەست، هەروەک چۆن ئێران داوای دەکات.

ئێران خۆی بە پابەند دەزانێت بە پشتیوانیکردن لە حیزبوڵڵا لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە شەڕی لوبنان دەبێت لە هەر جۆرە دانوستانێکی ئاگربەستدا لەبەرچاو بگیرێت. ئەو ڕۆژی دووشەممە وتی کە ئەم قەیرانە ٢٢ ملیار یۆرۆ تێچووی زیادەی بۆ وزەی بەردین دروستکردووە.

گومانی ئەورووپا؛ ئیمتیازدان بە ئێران بەبێ گرەنتی ئەمریکا؟

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم وڵاتە بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی ئامادە بووە ٤٥٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕوون بکاتەوە، نەک ئەوەی ڕادەستی وڵاتێکی سێیەمی بکات. عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە دەربڕینی ئەم بابەتە، وتبووی بڕیار بوو کۆنسێرتیۆمێک بە بەشداری ئێران، ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی بۆ ئەم کارە پێکبهێنرێت، بەڵام لایەنەکانی بەرامبەر لەم ڕێککەوتنە پاشەکشەیان کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان دەڵێن هێشتا ڕوون نییە کە چۆن دەتوانرێت کۆماری ئیسلامی هان بدرێت بۆ پێدانی ئیمتیاز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، لەوانەش ڕاگرتنی درێژخایەنی پیتاندن لە خاکی ئێراندا، لە کاتێکدا هیچ گرەنتییەک بۆ هەمیشەیی بوونی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا بوونی نییە. هەندێک دیپلۆماتکار پێیان وایە کە گەرووی هورمز دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی ڕەوای داهات یان جۆرێک لە قەرەبووکردنەوەی زیان، لە حاڵەتی پاشەکشەی ئەمریکا لە پابەندبوونەکانی سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان، بێتە ئاراوە.

بە ڕاپۆرتی گاردیان، لە ئاستێکی فراوانتردا، ئارەزوویەکی پەرەسەندوو لە ئەورووپا دەبینرێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەتر لە بەرامبەر سەرۆکی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر ئەم کارەش، ڕێککەوتنە گەورە خوازراوەکەیان لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە پشتیوانی لە ئۆکرانیا لاواز بکات. سۆفیا بێش، توێژەری باڵای دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، ڕوانگەی ڕەخنەگرانەتری بەرامبەر بە ڕەفتاری ئەمریکا سەبارەت بە ئێران لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا زانیوە و وتوویەتی: «ئەگەر دەمانەوێت کۆدەنگی پێویست بۆ پڕچەککردنەوەی ئەورووپا بپارێزین و دەنگدەران لەگەڵ خەرجییە بەرگرییەکاندا بهێڵینەوە، ناتوانین شوێن سەرکێشییە سەربازییەکان و شەڕە تاکلایەنەکان بکەوین.»

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×